ئه‌یلوول 23, 2018 07:12 Asia/Tehran
  • 1ی ڕەزبەر، دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن و ڕۆژی کرانەوەی قوتابخانەکانە

دیسانەوە بە کۆتایی هاتنی وەرزی هاوین، بۆن و بەرامەی ڕەزبەر لە شار و کووچە و کۆڵانەکاندا هەست پێدەکرێت و هەمدیسان قوتابخانەکان و فێرگە و مەکتەبەکان چاوەڕێن تا ساڵی نوێێ خوێندن لەگەڵ قوتابیان و خوێندکاران دەس پێ بکەن.

بە دەس پێ بوونی ساڵی نوێێ خوێندن لە یەکەمی ڕەزبەردا، بە ملوێنان قوتابی بە تاسە و سۆزێکی زۆرەوە دەچنەوە بۆ قوتابخانەکان. هەموو ساڵێک بە دەس پێ بوونی مانگی ڕەزبەر، کووچە و کۆڵانەکان ڕەنگ و بۆن و بەرامەیێکی دیکە وەخۆیان دەگرن و هۆگری و سۆزی قوتابیان، دیمەنێکی جوان لە کۆمەڵگدا دەخولقێنێ.

بە وتەی کارناسان، بوونی شوێن و ماوەی ئەوتۆ، یەکەم پێویستییە بۆ فێربوونی شت. داڕشتی پەروەردە و بارهێنانی گونجاو، یەکێکە لە کۆڵەکە و بنەماکانی پێشکەوتی هەر کۆمەڵگایێک.

سەرمایەنانەوە لە پێناو بردنەسەری ئاستی چەندایەتی و چۆنایەتی پەروەردە، ئەگەرچی ئەنجامێکی دەسبەجێ و خێرای نییە بەڵام بە یەکەم هەنگاو بۆ بارهێنانی هێزی مرۆڤی پێویستی کۆمەڵگا ئەژمێردرێت. بۆیە یەکێک لە گرینگترین بابەتەکان وەدیهێنان و ساز کردنی هەل و شوێنی پەروەردەی گونجاوە لە قوتابخانەکاندا.

تاقە کەسێک کەوا جگە لە دایک و باوک، کار دەکاتە سەر کەسایەتیی منداڵ، مامۆستای قوتابخانەکەیەتی. هەر ئەوە کە لانیکەم لە ماوەی ساڵێکی خوێندندا، لەگەڵ قوتابیەکانی، لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆدایە و ئەتوانێ توانای بیر و زەینیان و هەروەها هۆگریەکان یاخود کێشەکانیان لە پێناو گەشەیاندا، ببینێتەوە. جگەلەوەش ئەوە هەر مامۆستایە کە هەلی پەروەردە و بارهێنانی هەستی پەیجۆری لە منداڵەکاندا دەڕەخسێنێ و ئەتوانێ دنەیان بدات بۆ زیاتر فێر بوون و باشتر تێگەیشتنی بابەتەکان.

ساڵانی دەسپێکی خوێندن، ساڵانێکی زۆر گرینگ و هەستیارە. لەم سەردەمەدا ماڵ و مەکتەب هەر کامەیان بەش بەحاڵی خۆیان ڕۆڵ و دەورێکی تایبەتیان هەیە. پەیوەندییەکان لە ماڵدا، تاکییە و سۆزدارانەتر بەڵام لە قوتابخانەدا بە کۆمەڵ و لۆژیکانەترە، هەر بۆیە ئەم دوو شوێنە واتە ماڵ و مەکتەب لە باری خۆش کردنی بواری پێویست بۆ گەشەپێدانی منداڵ تەواوکەری یەکترن و دەبێ یارمەتی یەکدی بدەن.

 

سەرپەیڤ