تشرینی دووه‌م 27, 2017 15:03 Asia/Tehran
  • بەردەوام کرانی ڕەخنەو گوشاری پارتە نەیارەکان دژی دەوڵەتی تورکیا

ڕەخنەو گوشاری پارتە نەیارەکانی تورکیا بەرامبەر بە سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەوەییەکانی دەوڵەتی ئانکارا هەروا بەردەوامە.

لە درێژەی ئەم ڕەوتە دا کەمال قلیچدار ئوغلو سەرۆکی پارتی کۆماری گەلی تورکیا لە خۆی وتەنی دەستەڵاتی سیستێمێکی تاک بایەن ڕەخنەی گرتووە. کەمال قلیچدار ئوغلو لە ئاهەنگی خستنەگەڕی چەند گەڵاڵەیەکی بنیاتنانەوەوئاوەدانکاری لە ناوچەی موراد پاشا لە ئانتالیا ڕایگەیاند: جەماوەری تورکیا خوازیاری سیستێمێکی جەماوەر سالار و میدیاو دەزگایەکی دادەڤانیی سەربەخۆن و هەتا پێشیان بکرێ لەم داخوازییەیان بەرەڤانی دەکەن.

پارتە نەیارەکانی دەوڵەتی تورکیا بەتایبەت دوای کودەتا هەرەس هاتووەکەی مانگی ژوئیەی ساڵی 2016ی زایینی، بەردەوام ڕەخنەگری ڕاستەقینەی سیاسەتەکانی پارتی دەستەڵاتداری دادوگەشە بوونە. بە بڕوای ئەم دەستە لە پارتەکان، دەوڵەتی ئانکارا بە سەرکردایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا، بە لادانی ڕێبەرانی پارتە نەیارەکان ، بە نیازی پێکهێنانی سیستێمێکی سیاسیی تاک لایەنە لە وڵات دا.

پێشتریش پارتی کۆماری گەلی تورکیاش کە وەک گەورەترین پارتی نەیاری دەوڵەتی ئانکارا لە پەرلەمانی تورکیا خەریکی چالاکی نواندنە، دەوڵەتی ئانکارای بە گەڵاڵەداڕشتن و ڕاپەڕاندنی کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ژوئیەی ساڵی 2016ی زایینی تۆمەتبار کرد بوو. بەرپرسانی پارتی کۆماری گەلی تورکیا لەوانە کەمال قلیچدار ئوغلو سەرۆکی ئەم پارتە وێڕای تۆمەتبار کردنی پیلانی داڕشتنی گەڵاڵەی کودەتا کە لە لایەن خودی دەوڵەتی ئانکاراوە، پێیان لە سەر ئەوە داگرتووە کە: کودەتا سەرنەگرتووەکەی ڕۆژی 15ی ژوئیەی ساڵی 2016ی زایینی لە تورکیا، بەرهەمی هاودەستیی دەوڵەتی ئانکارا لەگەڵ تاقمەکەی گوێلەنە بە مەبەستی لادانی خەنیمە سیاسییەکانی پارتی دەستەڵاتداری دادوگەشەو بە تایبەت خودی ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا.

هەر لەم حاڵەدا لایەنە نەیارەکانی تورکیا ، دەوڵەتی ئانکارایان بە پارە هەڵلوشین و شتنەوەی پارە تۆمەتبار کردووەو لەو باوەڕەدان کە دەوڵەتی ئانکارا لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە لە وڵاتانی کۆنەپەرستی عەرەبی قەراخی کەنداوی فارس، خەریکی هاوکاری و یارمەتی دانی ڕاپەڕێندرانی سیاسەتەکانی ئەو وڵاتانەو هەروەها ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. دیارە ئەم تۆمەتانە دەبێ وەک ئەوپەڕی گوشاری لایەن و پارتە نەیارەکان دژی دەوڵەتی پارتی دەستەڵاتداری دادوگەشەی تورکیا چاو لێ بکەین. لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بەم تۆمەتانە ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیاش وتوویەتی: ئەگەر بێتو ئەم تۆمەتانەی کە دژی هێنراونەتە ئاراوە بسەلمێندرێت واز لە پۆستەکەی دێنێ.

بە قسەی ڕەجەب تەیب ئەردوغان، ئەگەر بێتوو ڕێبەری ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بتوانێ ئەو تۆمەتانەی بسەلمێنێت پلەی سەرۆک کۆمارەتی وەلا دەنێت.

ماوەتەوە بڵێین، بریکارانی ئەردوغان لە بەر هێنانە ئارای بوختان و تۆمەتی بێ بنەما دژی سەرۆک کۆماری تورکیا سکاڵایەکیان دژی کەمال قلیچدار ئوغلو سەرۆکی پارتی کۆماری گەلی تورکیا  ئامادە کردووەو داوای جەریمەکرانی بە بایی 380 هەزار دۆلاری بۆ دەکەن.

کارناسان دەڵێن: دوای زیاتر لە دەیەیەک، پارتە نەیارەکانی تورکیا توانیویانە دەوڵەتی ئانکارا بە ڕێبەرایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردوغان ناچار بکەن هەڵوێستێکی شێلگیرانە وەربگرێت و بەتوندی کاردانەوە لە خۆی پیشان بدات. سەرباری ئەمەش، نابێ ئەو ڕاستییەشمان لەبیر بچێت کە هاتنە ئارای ئەو تۆمەتانە لە لایەن کەمال قلیچدار ئوغلو سەرۆکی پارتی کۆماری گەلی تورکیا  دژی ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە لەوانەیە ببێتە پەڵپ و بیانوویەک بۆ دەوڵەتی ئانکارا بۆ ئەوەی ئەم پارتە گەورە نەیارەشی لە گۆڕەپانی سیاسەتی تورکیا بسڕێتەوە.