ئاب 17, 2018 14:37 Asia/Tehran
  • بەردەوامیی سیاسەتی دوژمنکارانەی ئەمریکا دژی ئێران- پێکھێنرانی گروپی ھەنگاوی تایبەت

ئەمریکا دوای کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام، ھەڵوێستی توندکردنەوەی تەوژمی دژی ئێرانی لە بواری جۆربەجۆردا گرتووەتە بەر.

داناڵدترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ھەشتەمی مای ٢٠١٨  بە بانگەشەی بێ دەرەنجام بوونی بەرنامەی تۆکمەی ھەنگاوی ھاوبەش (بەرجام) و ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دیکەی دژی ئێران  فەرمانی کشانەوەی واشێنگتۆن لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی و ڕاگەیاندنی گەڕاندنەوەی بایکۆتە ناڤۆکییەکان لە ماوەی سێ ھەتا شەش مانگی داھاتووی ڕاگەیاند. ئەو ھەنگاوە یەک لایەنەیەی ئەمریکا لەمەڕ وازھێنان لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە حاڵێکدایە کە ھەتاکو ئێستا وڵاتانی جۆربەجۆر پشتگریی خۆیانیان بۆ ڕێککەوتننامەکە ڕاگەیاندووەو خولی یەکەمی بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێران لە ڕۆژی حەوتەمی ئوتی ٢٠١٨ لە ھەل و مەڕجێکدا پراکتیزە کرا کە لەگەڵ ئیدانە کردنی بەربڵاوی نێونەتەوەیی دا بەرەو ڕوو بووەوە. خولی دووھەمی بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێران کە داگری بایکۆتی نەوتیشە لە چوارەمی نوامبەری ٢٠١٨ دەست پێ دەکات. ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا لەم بڕگەیەی ئێستاداو بە سەپاندنی ھەمدیسان و دوو قۆناغەی بایکۆتە ناڤۆکییەکان، ڕێگرتن لە فرۆشرانی نەوت و ھەروەھا ھەرچەشنە سات و سەودایەکی دراڤی، بانکی، بازرگانی و ئابووری لە نێوان ئێران و وڵاتانی دیکەو لە ئەنجامیش دا لە بەریەک ھەڵوەشاندنەوەی ئابووریی ئێرانە. لە ڕاستی دا ئەمریکا قۆڵی بۆ شەڕێکی ئابووریی بەربڵاو دژی ئێران ھەڵماڵیوە. ھەر لەم ئاراستەیەدا مایک پەمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند: وەزارەتخانەکەی ژێر فەرمانی گروپێکی «ھەنگاوی تایبەت»ی بۆ جڵەوکێش کردن و ڕێکخستنی ھەوڵەکانی دژی ئێران لەپاش کشانەوەی واشێنگتۆن لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام پێکھێناوە. بە پێی ڕاگەیاندنەکەی مایک پەمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، سەرۆکایەتیی ئەم گروپە بە ئەستۆی«برایان ھوک» بەڕێوەبەری نووسینگەی سیاسەت دانانی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکایە کە ھەتا بەر لە کشانەوەی داناڵد ترەمپ لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام، سەرپەرشتیی دانوستانی واشێنگتۆن لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپای بە ئەستۆ بوو بۆ خۆیان وتەنی ھەموار کردن و چاکسازی لە ڕێککەوتنەکەدا.

بە قسەی برایان ھوک، واشێنگتۆن لە ھەمبەر تاراندا ھەنگاوێیکی ستراتژیی تۆکمەو تەواو دەگرێتە بەرو لەم ئاراستەیەدا ئامانجی ئەم گروپە ھەوڵدان لە ئاستێکی جیھانی دا بۆ گۆڕینی ھەڵس و کەوتی ئێرانە، واتە ئەگەر ئێران بەڵێنمەند ببێ بۆ گۆڕینی بنەماییانەی ھەڵس و کەوتی خۆی، ئەوسا دەکرێ باسی دانوستان لەگەڵ ئێراندا بکرێت.

بە پێی ئەم دان پیادانانە لە ڕاستی دا ئامانج لەد پێکھێنرانی ئەم گروپەی ھەنگاوی تایبەت ڕەزامەند کردنی وڵاتانی دیکەیە بۆ ھاوتەریب کردنیان لەگەڵ واشێنگتۆن دا لەمەڕ توندکردنەوەی گوشاروپاڵەپەستۆکانی سەر ئێران. ئامانجی فەرمیانەی ئەم گروپەی ھەنگاوی تایبەت ھەروەک سەرۆکەکەشی ڕایگەیاندووە، پێمل کردنی ئێران بەو دوانزە مەرجەیە کە ماوەیەک لەمەوپێش مایک پەمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا بۆ تارانی دیاری کرد ھەتا خۆی وتەنی گۆڕدرانی ھەڵس و کەوتی ئێران لەو بوارانەدا وەدی بێت. لەم چوارچێوەیەدا ئەمریکا خوازیاری ڕاگیرانی تۆکمەوتەواوی بەرنامەی ناڤۆکیی ئێران، ڕاگیردرانی بەرنامەی موشەکی و وەلانرانی سیاسەت و ھەنگاوە ناوچەییەکانی ئێرانە.

لە ڕاستی دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە نیازی ڕوخاندنی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. لەم ئاراستەیەش دا ھەتاکوو ئێستا تیمێکی داگری وەزارەتی کاروباری دەرەوەو وەزارەتی خەزێنەداری سەردانی پتر لە بیست و چوار وڵاتی کردووە لە بارەی پرسی بایکۆت کردنی ئێران و لە ماوەی مانگەکانی ئەم داھاتووش سەردانی شوێنانی دیکەش دەکەن. ئەمریکییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە وتووێژەکانیان ئەرێنی بووەو بە ھیواشن کە وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئێران پێبەندی ڕاپەڕاندنی ئامانجی ئەمریکا لەمەڕ گەیاندنی ناردەی نەوتی ئێران بۆ ئاستی سیفر بن و یارمەتیی ئەم پیانە بدەن.

سەرباری تەواوی ئەمانە بەڵگەکان دەربڕی ئەوەن کە ھیوای واشێنگتۆن لەمەڕ بایکۆتی نەوتیی ئێران و گەیاندنی بە خۆی وتەنی ئاستی سیفر بابەتێکی پڕوپوچە. ھەر چۆن بڕێک لە کڕیارە سەرەکییەکانی نەوتی ئێران لەوانە چین و تورکیا پێیان لە سەر کڕینی بەرھەمە نەوتیەکانی ئێران داگرتووەو ھیندیش  خوازیاری کڕینی نەوتی ئێرانە بەکەڵک وەرگرتن لە بەخششنامە بایکۆتییەکانی ئەمریکا. ئیدی لەم بوارەدا بانگەشەکانی کاربەدەستانی ئەمریکیش لەمەڕ ئەمەی کە گوایە بەسڕینەوەی نەوتی ئێران لەبازاڕە نێونەتەوەییەکاندا ھیچ ناقەومی،با بوەستێ، کە بۆ چوونێکی لە سەداسەد ھەڵەو ناڕاستە. ھەڵسوڕاوانی بازاڕی نەوت وای بۆ دەچن کە بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ناردەی نەوتی ئێران بۆی ھەیە نرخی نەوت بگەیەنێتە سەدوپەنجا دۆلار.

پییەر ئاندۆراند کارناسی نەوت لەم بارەیەوە باوەڕی وایە، بارستایی زێدەبەرھەمی ئۆپێک ئێستاکە گەییشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لە مێژوودا، بەم پێیە گرفتێکی گەورە لە بەردەم دایە و نرخی نەوت لە ماوەی دوو ساڵی داھاتوو دەگاتە سەدوپەنجا دۆلار بۆ ھەر بەرمیل نەوت. دیارە ئەم بابەتەش شوێنێکی نەرێنی لە سەر گەشەی ئابووریی جیھان دادەنێت و بۆ زۆرێک لە وڵاتان جێگای قەبووڵ نابێت.  ئەمە جیا لەوەی کە ئەمریکا لە خولی تازەی بایکۆتەکانی دژی ئێران ئیدی ھاوسۆزیی ھاوپەیمانە ئەورووپییەکانی و وڵاتانی دیکەشی لە پشت نابێت و تەنیا دەبێ پشت بە زەخت و زۆر ببەستێت بۆ پێمل کردنی وڵاتان لەمەڕ ڕەچاوکردنی بایکۆتەکانی سەر ئێران.

سەرپەیڤ