نیسان 09, 2019 07:33 Asia/Tehran
  • ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران: کارێک بکەن کە لەشکرییانی ئەمریکی ھەرچی خێراتر عێراق چۆڵ کەن

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی لە دیداری عادڵ عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ بەڕێزی دا پێی دا گرت: دەبێ وەھا کارێک بکەن کە لەشکرییانی ئەمریکی ھەرچی خێراتر عێراق چۆڵ کەن.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ناوەندی هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا)، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ئێوارەی ڕۆژی شەممە لە دیداری عادڵ عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندەکەی ھاوڕێی، تیشکی خستە سەر تێکەڵاویی بڕوایی و ڕۆشنبیری و مێژوویی ھەردووک نەتەوەی ئێران و عێراق و پێی داگرت: پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراق واوەتر لە پەیوەندیی دوو وڵاتی دراوسێیەو گەل و دەوڵەتی ئێران گەشەو پێشکەوتن و بەختەوەریی عێراق بە قازانجی خۆیان دەزانن، بەڵام ئەمریکییەکان بەپێچەوانەی قسە سەرزارەکییەکانیان، دیموکراسی و بوونی ھەڵسوڕاوە سیاسییەکانی ئێستای عێراق بە زیانی خۆیان دەزانن و ھەر بەم پێیە دەوڵەتی عێراق دەبێ کارێک بکات کە لەشکریانی ئەمریکی ھەرچی خێراتر لە عێراق بڕۆنە دەرەوەو خاکی ئەو وڵاتە چۆڵ کەن.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی وێڕای ستایش کردنی ھەڵوێستی وریاو زیرەکانەی عادڵ عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بارەی پرسەکانی عێراق و ناوچەکەوە، ئاماژەی کردە بارستاییە بەرفراوانە مرۆڤییەکانی ئەو وڵاتەو وتیشی: لەو بارستاییە مرۆڤییانەی عێراق، لاوانی ئەو وڵاتەن کە لە ئاژاوەی بەرنگاربوونەوەی تاقمی تیرۆریستی داعش دا، بەشێوەیەکی باش و جێگای ستایش و پێزانین خۆیانیان تاقی کردەوەو دیارە ئەوەی کە لەو قۆناغەدا عێراق بە خۆیەوە بینی ڕووداوێکی مێژوویی بوو.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی بیرمەندان و زانایانی عێراقیشی وەک بارستاییەکی مرۆڤیی دیکەی ئەو وڵاتە ناو بردو وتی: ئەمریکییەکان ھەر لە ھەمان سەرەتای سەقامگرتنیان لە عێراق دا ، کۆمەڵێکی زۆر لە و زاناو بیرمەندانەیان کوشت چونکو باش ئاگایان لە گرینگایەتیی ئەو سامانە گەورەیەی عێراق بوو.

بەڕێزی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە بارستاییە مرۆڤییەکان و سەرچاوە دەوڵەمەندە ژێر زەوینییەکانی عێراق، ئەو وڵاتە دەکاتە کاریگەرترین وڵات لە جیھانی عەرەب دا، جەختیشی کرد:ئەمریکییەکان و شوێنکەوتووەکانیان لە ناوچەکەدا، لەگەڵ گۆڕانی عێراق بەم میکانیزمە دیموکراسییەی ئێستاو دەستەڵات گرتنی ئەم کەسایەتی و ڕەوتانەی ھەنوکە نین و بە زیانی خۆیانی دەزانن.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی وێڕای جەخت کردن لە سەر ئەمەی کە ئەگەر دەوڵەت و بەرپرسانی عێراقی شوێنکەوتووی ئەمریکا بن، ئەو گرفتانەی ئێستایان نابێت، وتیشی: دەوڵەت و مەجلیسی عێراق و کۆمەڵەی ھەڵسوڕاوانی سیاسیی ئێستای ئەو وڵاتە بۆ ئەمریکییەکان جێگلس پێ خۆشبوون نین و ھەر لە بەر ئەمەش خەریکی پیلانگێڕانن بۆ دەرپەڕاندنی ئەم کاربەدەستانەی ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق دا.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ڕادەربڕینە سەرزارەکییەکانی ئەمریکییەکان و سەعودییەکان لە بارەی عێراقەوە لە گەڵ نیازە دەروونییەکانیاندا جیاوازە، ئەوەی وەبیر ھێنایەوە کە، ئەوانە لەو قۆناغەی وا داعش دەستی گرت بە سەر موسڵ و داگیری کرد، پارەو چەک و چۆڵیان بۆ ڕەوانە دەکردن و لەئێستادا کە عێراق بە سەر داعش دا سەرکەوتووە، باسی دۆستایەتی دەکەن.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی وێڕای ئاماژە کردن بە وتەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمەڕ بوونی بەرماوەکانی داعش لە عێراق دا، وتی: دەبێ بەتەواوی لە سەر ھەست بن، چونکو ئەوانە ئەگەر بۆ تاوێک لاوازی و سستی لە دەوڵەت و گەلی عێراق  ببینن، جارێکی تر دڕندەکارییەکانیان دەست پێ دەکەنەوە.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران حەزرەتی ئایەتوڵڵاعوزما خامەنەیی، بوونی لەشکریانی ئەمریکی لە وڵاتانی ناوچەکەی بە زیانی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە زانی و ڕوو لە سەرۆک وەزیرانی عێراق پێی داگرت: دەبێ کارێک بکەن کە ئەمریکییەکان ھەرچی خێراتر لەشکریانی خۆیان لە عێراق ببەنە دەرەوە، چونکو ئەوانە لە ھەر وڵاتێکدا کە بۆ ماوەیەکی زۆر ماونەتەوە، ڕەوتی وەدەرنانی لەشکرییەکانیان ئاڵۆزتر بووە.

بە ڕێزی ئامانج لە مانەوەی ئەمریکا لە عێراقی بە واوەتر لە ئامادە بوونێکی سەربازی زانی و وتی: ئەوانە بە نیازی مانەوەی درێژماوەو دابین کردنی بەرژەوەندییەکی لەبڕان نەھاتوون لە عێراق داو بۆ ئەم مەبەستەش بەتەمای پێکھێنانی دەوڵەتگەلێکی سەربازین وەک ئەو دەوڵەتانەی کە لە سەرەتای دەست گرتنیان بە سەر عێراقدا پێکیان ھێنا بوون.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ئاماژەی کردە شوێن دانانی گەشەی زانستی لە سەر بنیاتنانەوەو ئاوەدان کردنەوەی وڵاتیش و وتی: بە پێی ئەزمونی خۆمان، گەشەی زانستی لە عێراق دا بە بەستێن خۆشکەری گەرەنتی و پارێزراوییەکی بەردەوام دەزانین لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا. بەڕێزی ھەروەھا پەیوەندیی قوڵتر لە جارانی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ مەرجەعییەتیشی بە کەڵکمەندو ھەرەبەسوود زانی.

لەو دیدارەدا کە بەڕێز حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامیش بەشداری بوون، عادڵ عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، وێڕای خۆشحاڵی  دەربڕینی بەرفراوانی خۆی بۆ دیدارەکەی لەگەڵ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، وتی: نیزامی کۆماری ئیسلامی و گەلی ئێران بەردەوام لە ھەر ھەل و مەرجێکی دژواردا لە تەنیشتی دەوڵەت و نەتەوەی عێراق دا بووە کە دوا نمونەشی سەرکەوتن بەسەر تاقمی تیرۆریستی داعش دا بوو کە بە پشتیوانی و پشتگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران مسۆگەر کرا.

ناوبراو وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە سەرباری لەنێو چوونی پێکھاتەی داعش، بەڵام ھێشتا بەرماوەکانیان لە عێراق دا ھەن، وتیشی: لەگەڵ تەواوی ئەمانەش دا ئەمڕۆکە گەلی عێراق لە دۆخێکی ئاسایشتیی باش و جێگیردا دەژین.

عادڵ عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی کردە گەشتەکەی ماوەیەک لەمەوپێشی بەڕێز حەسەنی ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ بەغداو دیدارو چاوپێکەوتنەکانی ئێستای خۆشی لە تارانداو، وتی: لە ئەنجامی وتووێژەکانماندا، ڕێککەوتنی باش لە بواری دروست کردنی ئاسنەڕێ، دامەزراندنی شارۆچکەگەلی پیشەسازی، پەرە پێ دانی پەیوەندیی بازرگانی، گواستنەوەو خاوێن کردنەوەی چۆمی ئەڵوەن مسۆگەر کراوە.

عادڵ عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆتایی وتەکانی دا جەختی کرد: پەیوەندییەکانی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەندییەکی تایبەتییەو ئێمە بە جاران ڕامانگەیاندووە کە قەت نابینە بەشێک لە بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێران.

جێگای ئاماژەیە لە ئێستادا تاران میوانداری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە.عادڵ عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەیانیی ڕۆژی شەممە، لە سەرووی شاندێکی باڵادا گەیشتە تارانی پێتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران. لە یەکەم ڕۆژی سەردانەکەی بەڕێزی دانووستان و گفتوگۆی  گرینگی زۆری لە گەڵ بەڕێز حەسەنی ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی  ئەنجام دا کە دەربڕی ئاسۆیەکی گەشەدارە لە پەیوەندییەکانی نیوان ئەم دوو وڵاتە  موسڵمانە دراوسێیەدا. لە کۆتایی وتووێژەکاندا، چەند تەبایی نامە لە چوارچێوەی ڕێکخستن و خێرایی بەخشین بە ڕەوتی بەڕێوە چوونی ڕێککەوتنە ئابوورییەکان لە لایان کاربەدەستانی هەر دووک وڵاتەوە، واژۆ کرا.

 

سەرپەیڤ