شوبات 26, 2019 10:15 Asia/Tehran
  • دیداری بەشار ئەسەد لەگەڵ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی؛ پێداگری لە سەر پێویستیی وشیار بوون بەرامبەر بە پیلانگێڕییەکانی داهاتوو

کۆماری ئیسلامیی ئێران یارمەتی دانی دەوڵەت و گەلی سووریای بە یارمەتی دانی بزووتنەوە و ڕەوتی خۆڕاگری دەزانێ و لە ناخی دڵەوە شانازی پێوە دەکات.

حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی سەر لە بەیانی دوێنێ (دووشەممە) لە دیداریدا لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری سووریا بە پێداگری لەسەر ئەو خالەی کە ڕەمزیی سەرکەوتنی سووریا و شکست هێنانی  ئەمریکا و بەکرگیراوانی ناوچەییان خۆڕاگریی سەرۆک کۆمار و خەڵکی سووریا و سوور و پێداگر بوونیان لە سەر بەرخۆدان زانی و جەختی کرد لە سەر پێوستیی وشیار بوون بەرامبەر بە پیلانگێرییەکانی داهاتوو.

بێ گومان هەروا کە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕایگەیاند؛ سووریا بە خۆڕاگرتن و ھاوڕێیەتی خەڵکەکەی توانی لە ھەمبەر ھاوپەیمانییەکی زەبەلاحی وەک ئەمریکا و ئەورووپا و ھاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا بوەستێت و بەوپەڕی سەرکەوتووییەوە لەو قەیرانەش دەرباز ببێت. بەڵام لە درێژەی ئەو سەرکەوتنەدا، مەسەلەی گرینگ لە باروودۆخی ئێستادا پاراستنی وشیاری لە هەمبەر پیلانگێڕی و پلانە تووشەکانیان بۆ دزە کردنە نێو ڕێگاکانی دیکەیە.

ئاماژەی ڕێبەری مەزنی شۆڕش بە باسی ئەو ناوچە ناوبڕەکەی کە ئەمریکاییەکان لە سووریادا پێ و شوێنی دەگرن، چەن ڕەهەندێکی گرینگی ئەو پیلانە ئاشکرا دەکات. مەقامی مەزنی ڕێبەری ڕاشکاوانە رایگەیاند ئەو پلانە لەو پیلانە مەترسیدارانەیە کە دەبێ لێبڕاوانە ڕەت بکرێتەوەو لە بەرامبەری دا خۆڕاگری بکرێت.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بەرنامەی ئەمریکاییەکان بۆ ئامادە بوونێکی شێلگیرانە لە سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریای بە نمونەیەکی دیکەی پیلانەکانیان زانی و پێی داگرت: پاڵپشتی کردن لە یەکتر لەو ستراتژیانەی ئێران و سووریایە و پێناسە و دەسەڵاتی ڕەوتی خۆڕاگریی پێوەبەستراوەی ئەم پەیوەندییانەش بەردەوام دەبێت و بەم پێیە دوژمنان ناتوانن پیلانەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.

سووریا بە خۆڕاگری ئەویش  بە پاڵپشتی جەماوەرەکەی توانی ئەمریکا و ئیسراییل و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی تووشی کێشەیەکی قورس بکات. ئەم پرۆسەیە هەرچەن سەخت و دژوار بوو بەڵام بە ئامادەبوونی بەهێزی ئێران لە گۆڕەپانی شەڕی دژ بە تیرۆر لە سووریا ئاگری پیلانی داعش دامرکا. بەڵام ناوچەکە هێشتا هەر لە مەترسیی هەڕەشە و خۆوەردانی تێکدەری پاوەجێی و ئاسایشدایە. ئەمریکا باش دەزانێ کە بۆ تێکشکاندنی خۆڕاگری ئیسلامی دەبێ بە هەر لەونێک بووە جێگای خۆی لە سووریا هەر ڕاگرێ.

"نیکۆلاس هیراس" Nicholas Hiras لە شرۆڤەکارانی بلیمەتی کۆلیژی بەرەڤانی نیشتمانیی ئەمریکا لە شرۆڤەیەکدا بە ناوی "ترەمپ دەبی لە سووریادا بۆسەرهەڵداوان سەرمایە بنێتەوە"،  جەخت دەکات کە کەڵکی زیاتر وەرگرتن لە بەرەی باشووری سووریا ئەو هەلە بۆ دەوڵەتی ترەمپ دەڕەخسێنێ تا زاڵ بوون بە سەر ناوچە گرینگەکانی دیکەی سووریایش پرۆڤە بکات.

"نیر مومێس" مامۆستای زانکۆ و دیپلۆماتی زایۆنی لە ناوەندی توێژینەوەی ستراتژیکی "دایان"ـیش چەن مانگ لەمەوبەر لە راپۆرتێکدا نووسی: ئیسراییل دەبێ یاسای بنەڕەتی بۆ رژێمێک بنووسێ کە دەیهەوێ لە ناوچەکانی باشوور دایمەرزێنێ.

لە باروودۆخی هەنووکەدا ئامانجی گەڵاڵەی ئەمریکایی زایۆنیی پارچە پارچە کردن و دابەش کردنەوەی سەر لە نوێی سووریا بە چەن ڕژێمی سیاسی لە سەر بنەمای جیاوازیی ئایینی و نەتەوەییە. بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا ئەوە باش دەزانێ کە ئەو گەڵاڵەیە ناتوانێ بەو خێراییەی کە پارچە پارچە کرانی پیشووی وڵاتانی عەرەبی بە پێی ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ ڕوویدا، جێبەجی بکرێ. لەبەر ئەوەی کە باروودۆخی مێژوویی و نیشتمانیخوازیی گەلی سووریا هەندێ هۆکاری هێناوەتە ئاراوە کە توانای پێشپێگرتن و تیابردنی ئەو پلانەیان هەیە. لە گرینگترینی ئەو هۆکارانە دەتوانین ئاماژە بکەینە پێوەندیی  ئایینی، نیشتیمانی و بنەماڵەیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی نێوان خەڵکی سووریا.

تا ڕادەیەک کە سەرۆک کۆماری سووریا لە دیداریدا لەگەڵ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بە هەوڵی ئەمریکا  و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی بۆ دووبەرەکی نانەوە لە نێوان نەتەوە و ئایینەکانی سووریادا وتی: ئەو هەوڵانە ئەنجامی بە پێچەوانەی هەبووە و ئەمڕۆکە لە سووریادا ، کوردەکان و هۆز و عەشیرەتەکان پێوەندییەکی باشیان لەگەڵ دەوڵەت هەیە و تەنانەت ژمارێک لەو گرووپانە کە پێشتر پێکدادان و ناکۆکییان لەگەڵ دەوڵەت هەبوو،  ئەمڕۆ ئیتر بە پێچەوانەی ویست و خواستی ئەمریکا و عەرەبستانی سەعوودی بوونەتە هاوڕێ و هاوپەیمانی دەوڵەتی سووریا.

سەرپەیڤ