نیسان 13, 2019 21:50 Asia/Tehran
  • عەتار نەیشابووری سەرتۆپی هۆنەرانی مەسنەوی عیرفانییە

عەتار نەیشابووری عارفی نێوبەدەرەوەی ئێرانی

فەریدەددین ئەبووحامید عەتار نەیشابووری ناسراو بە شێخ عەتار نەیشابووری، هۆنەر و عارفی نێوبەدەرەوەی ئێرانییە کە لە ساڵی 540ی کۆچی ڕێککەوتی 1146ی زایینی لە ئاوایی کەدکەنی نەیشابوور هاتەسەر دونیا و لە ڕۆژژمێری فەرمیی ئێراندا، 25ی خاکەلێوەیان بەناوی ئەوەوە، ناودێر کردووە، سەبارەت بە تافی منداڵیی شێخ عەتار، زانیارییەکی ئەوتۆ لەبەردەستدا نییە و لە نێوان کەڵەپیاوان و شاعیرانی شیعری عیرفانیی فارسیدا، ژیانی عەتار پتر لە هەمووان بە هۆی لەبەردەست نەبوونی زانیاری مێژوویی، نادیارە، وەکوو ئاماژەی پێ کراوە لە دەرمان چێ کردن و دەرمان ناسی کە لەو سەردەمەدا عەتارییان پێدەگوت، سەرکەوتوو بووە و ئەو زانستانەشی لە باوکیەوە فێر بووە.

هزری عەتار لە هەموو بەرهەمەکانیدا بەتایبەت « منطق الطیر» بە جوانی دیارە. عەتار بە هۆی تێگەیشتن لە تایبەتمەندییە مرۆڤیەکانەوە توانیویەتی ئەو کۆت و بەندانەی وا لەسەر دەست و لاقی مرۆڤە، ببینێتەوە و بیانپسێنێ.

لە ئاسەوارە بەجێماوەکانی عەتار «منطق الطیر»،«مصیبت نامه» و«الهی نامه»ن کە هەر کامەیان سەفەرنامەیێکی عارفانەن و مرۆڤەکان بەرەو ناسینەوەی دەروونیان پەلکێش دەکەن و بەو ئەنجامەی دەگەینن کە ئەوەی وا لە خەیاڵدا بەدوایدا گەڕاون هەمووی هەر لە دەروونی خۆیاندایە.

عەتار کێشەی مرۆڤ بە بێ ئاگایی لەمەڕ خۆی دەزانێ و لەسەر ئەو بڕوایە بێتوو مرۆڤ لە تان و پۆی چۆنیەتیی ژیانی ئەمڕۆکەی باش تێ بگات ، ئەوە ئیتر دەروونی خۆی بە جوانی ناسیوەتەوەو ئەتوانێ لە بارستای دەروونی و تواناکانیشی تێبگات.

بە بڕوای عەتار چارەی هەموو تەنیاییە پڕئازارەکانی مرۆڤ، ناسینەوەی دووبارەی خۆی و خودایەتی. سەبارەت بە مردنی عەتار زۆر شت گوتراوە و هەندێ لە دیرۆک نووسان ساڵی مردنییان بە 627ی کۆچی مانگی زانیوە، ئارامگەی شێخ عەتار لە نزیکی شاری نەیشابووردایە و هەموو ساڵێک گەشتیارێکی زۆر لە شوێنە جۆربەجۆرەکانی جیهانەوە ڕووی تێ دەکەن.

 

سەرپەیڤ