تشرینی دووه‌م 12, 2019 23:43 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی دۆزرانەوەی مەیدانێکی نوێی نەوتی لە ئێران لە ڕاگەینەرە بیانیەکاندا

دۆزرانەوەی مەیدان و بیرێکی نەوتی نوێ لە ئێراندا، بەرەوڕووی کاردانەوەی جۆربەجۆری میدیاکانی جیهان بووەتەوە. دەسکەوتێک کە هەموو سیاسەتڤانانی دونیای تووشی شۆک کردووە.

یەکشەممە 19ی گەڵاڕێزان حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە بەشێک لە لێدووانەکەی خۆی لە کۆی خەڵکی پارێزگای یەزددا بە ئاماژەدان بەوەی کە هەواڵێکی خۆشی بۆ خەڵکی وڵات هەیە گوتی: ستافی کومپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران لە کەرتی دۆزینەوەدا، لەپاش چەند ساڵ هەوڵ و تێکۆشان، مەیدانێکی نوێی نەوتیان لە خوزستاندا دیتووەتەوە کە ئەوە منیش هەر ئێستا هەواڵەکەی بە گەلی ئێران ڕادەگەینم.

سەرۆک کۆمار ڕێژەی پاشەکەوتی نەوتی ئەم بیرەی بە 53 ملیار بەرمیل ڕاگەیاند و گوتیشی: ئەم مەیدانە هەر لە بۆستانەوە دەس پێ دەبێت و هەتا گەردوپەڕی ئومێدیاش درێژەی هەیە.

بەرینایی ئەم مەیدانە 2400 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و 80 مەتریش ئەستووراییەکەیەتی. هاوکات وەزیری نەوتیش لەمبارەوە گوتی: ئەم مەیدانە لە باری پاشەکەوتەوە، دووەم مەیدانی گەورەی نەوتیە کە لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا دیتراوەتەوە.

بەڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، زۆرێک لە میدیا بیانیەکان کاردانەوەیان لە ئاست ئەم ڕووداوە پیشان داوە. ئاسۆشیەیتێدپرێس لە هەواڵێکدا نووسی: لە حاڵێکدا ئێران بەرەوڕووی بایکۆتی تووندی ئەمریکایە لە بواری پیشەسازی نەوتدا، ئەوە ئێران ئەو مەیدانەی دۆزیوەتەوە.

نیۆیۆرک تایمزیش ئەو هەواڵەی بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی: ئەم مەیدانە نەوتیە گەورەیە ئەتوانێ لە بواری نەوتدا، پرسی بەرجام یان چارەسەر بکات یاخود ئاڵۆزتری بکات.

لەگەڵ ئەوەشدا ئێندیپێندێنتی ئینگلیز وێڕای ئاماژەدان بەو دۆزرانە گەورەیە لە ئێراندا گوتی ئەم مەیدانە نەوتیە لە هەلومەرجی دژواری بایکۆت و لەحالێکدا بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئێران کەم بووەتەوە لە باری ئابووری ئەتوانێ زۆر یارمەتیی ئێران بدات.

هەواڵدەریی ڕۆیتەرزیش لەگەڵ گێڕانەوەی ئەم هەواڵەدا نووسی : سەرباری بایکۆتەکانی ئەمریکا، ئەندازیارانی ئێرانی مەیدانێکی نەوتیان دۆزیوەتەوە کە پاشەکەوتەکەی 53 ملیار بەرمیلە.

میدیا عەرەبیەکان و هەواڵی دۆزرانەوەی مەیدانی نەوتی نوێ لە ئێراندا:

ئەلعەرەبی جەدیدیش لە هەواڵێکدا بە سەردێڕی " ئێران باسی دۆزینەوەی مەیدانێکی نەوتی نوێی کردووە بە پاشەکەوتی 53 ملیار بەرمیل" پێیداگرتووە کە ئەم دۆزرانەوەیە هاوکات لەگەڵ داسەپێنرانی بایکۆتی ئەمریکا لەسەر کەرتی نەوت و وزەی ئێران ڕوویداوە.

ماڵپەڕی هەواڵیی عەرەبی 21یش نووسیویەتی: "ئێران هەمووانی شۆک کرد ... دۆزرانەوەی مەیدانێکی نەوتی گەورە لە ناوەندی ئەو وڵاتە."

بی بی سی و تایمز ئاوی ئیسرائیل و دۆیچە وێلە و هائارێتس و یۆرۆنیووزیش ئەو ڕاگەینەرانە بون کە هەرکامەیان لە هەواڵی جیاجیادا باسی قسەکانی ڕوحانی و کاردانەوەی دۆزرانی مەیدانی نەوتی نوێێان کردووە بە پاشەکەوتی 53 ملیار بەرمیل.

لە ڕوانگەی میدیا بیانیەکانەوە ئێران لە هەلومەرجێکی هەستیاردا ئەو مەیدانەی دۆزیوەتەوە و ئەتوانێ لەو بابەتە لە پەیوەندی لەگەڵ بەرجام و فرۆتنی نەوت لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە کەڵك وەگرێت.

 

سەرپەیڤ