ئاب 17, 2017 16:39 Asia/Tehran
  • نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراق: ڕیفراندۆم لە کوردستانی ئێراق نایاساییە

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراق، بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمی ناوچەی کوردستانی ئێراقی بە کردەوەیەکی نایاسایی هێنایە ئەژمار.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "یان کوبیش" نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراق ڕۆژی چوارشەممە بە پێداگری لە سەر پشتگریی هەموو لایەنە ئێراقییەکان لە یاسای بنەڕەتی وەکوو تەنیا یاسای ئەم وڵاتە وتی: بەڕێوە بردنی ڕیفراندۆمی ناوچەی کوردستان یاسایی نییە و ناکۆکی و کێشەی نێوان هەولێرو بەغدا دەبێ لە ڕێگای وتووێژ و دانوستانەوە چارەسەر بکرێ.

"داگلاس ئالێن سولەیمان" باڵیۆزی ئەمریکا لە ئێراقیش ڕوو لە شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا وتی؛ ئێستاکە کاتێکی گونجاو نییە بۆ بەڕێوە بردنی ڕیفراندۆمی ئەم ناوچەیە لە ئێراق لەبەر ئەوەی کە مەترسیی داعش هێشتایش هەر لەم وڵاتە لە ئارادایە.

شاندی کوردستانی ئێراق ڕۆژی دووشەممە لە سەفەر بۆ بەغدا لەگەڵ "حەیدەر عەبادی" سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە و ژمارێک لە بەرپرسانی دیکەی ئێراقی  دیداری کرد و لەگەڵ ئەوان مەسەلەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستانیان خستە بەر باس و لێکدانەوە.

ژمارێک لە پارتەکانی ناوچەی کوردستانی ئێراق حەوتەمی ژوەنی ڕابردوو لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادە بوونی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەنگیان دا بە بەڕێوەچوونی گشتپرسیی  ناوچەی کوردستانی ئێراق لە ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧.