تشرینی دووه‌م 23, 2017 13:24 Asia/Tehran
  • بریتانیا نامه‌یه‌کی بۆ نێچیرڤان بارزانی نارد

وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە ڕێگەی باڵوێزی وڵاتەکەیەوە لە عێراق نامەیەکی ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی کرد.

به‌ پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی مێهر بەگێڕانەوە له‌ ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بۆریس جۆنسن وەزیری دەرەوەی بریتانیا دوێنێ چوارشەممە 1ی سه‌رماوه‌ز، له‌ ڕێگای جۆن ویڵکس باڵوێزی بریتانیا لە عێراق نامەیەکی گەیاندووەتە نێچیرڤان بارزانی.

بەپێی راگەیەندراوەکە، بۆریس جۆنسن وەزیری دەرەوەی بریتانیا "دەستخۆشی لە هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ، بەمەبەستی دەستپێکردنی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و دووپاتیکردووەتەوە بریتانیا بەهەمان ئاڕاستە لەسەر هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت".

وەزیری دەرەوەی بریتانیا رایگەیاندووە که‌ "هەوڵێکی جدی لە ئارادایە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ بەمەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا، لەسەر بنەمای دەستوور، پشتگیریی بریتانیاشی بۆ سەرخستنی پڕۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان دەربڕیووە."

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردووەتەوە: "هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵیداوە ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەربکرێن."

داواشی کردووە دۆستانی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامدابن بۆ زەمینەخۆشکردنی دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا.