کانونی دوھەم 19, 2018 12:56 Asia/Tehran
  • كێشەكانی بەردەم حكوومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق

پارتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وەكوو سێهەمین حیزب، لەم حەفتانەی دواییدا بە فەرمی لە دەوڵەتی هاوپەیمانی هەرێمی كوردستانی عێراق هاتە دەر.

پێشتر هەریەكە لەبزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری كشانەوەیان لە كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا.

بەكشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی، پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و چوار وەزارەت و دوو سەرۆكی دەستەو وەزیرێكی ھەرێم، چۆڵ دەبن ھەرچەند ئێستا بەشێكیان لەلایەن پارتییەوە بەڕێوە دەبرێن بەڵام تائێستا روون نیە یەكێتی و پارتی چۆن لەسەر ئەو پۆستانە رێكدەكەون.

 ئەم حیزب و لایەنانە هۆی ئەو هەنگاوەیان بە پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی نوێ بە مەبەستی بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو ڕاگەیاندووە.

سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەكاتی راگەیاندنی كشانەوەی یەكگرتوو لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی: " كشانەوەمان لە حكومەت بۆ دژایەتی یاخود پشتیوانی لە كەس نییە".

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی: " لەئەنجومەنی سەركردایەتی بەكۆی دەنگ بریاری كشانەوەماندا". " وەلامنەدانەوەی داواكارییەكانمان لە لایەن حكومەتەوە دڵنیای  كردین ، گەیشتینە ئەو بروایەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان توانای جێبەجێكردنی داواكارییەكانی ئێمەی نییە".

سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەوەیشی ئاشكرا كرد: "وێرای كشانه‌وه‌شمان به‌ڵام ئێمە ئامادەین پشتیوانی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین".

دوای ئه‌وه‌ی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش بڕیاری کشانه‌وه‌ی له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دا، سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ڕایگه‌یاند: با بگه‌ڕێینه‌وه‌ ڕای گشتی و ڕێگای ڕاستی به‌رده‌ممان هه‌ڵبژاردنه‌.

ئومێد خۆشناو سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ڕاگه‌یاند: "ئێستا به‌ فه‌رمی هه‌ر سێ لایه‌نی گۆڕان، یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ‌ یه‌کلا بوونه‌تەوه‌ و بڕیاری کشانه‌وه‌یان له‌ کابینه‌ی حکوومه‌ت خستووەتە‌ ڕوو، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ یه‌کێتییه‌، ئه‌ویش تا هه‌نووکه‌ پشتیوانێکی دروستی حکوومه‌ت نییه‌ بۆیه ڕێگای دروستی به‌رده‌ممان جه‌ماوه‌ره ‌و پێوەرەكەشی خه‌ڵکی کوردستانه. لە درێژەدا بۆمان ده‌رکه‌وت کۆبوونه‌وه‌ و دانیشتنه‌ دوو قۆڵی و چه‌ند قۆڵییه‌کان هیچ ئه‌نجامێکی نه‌بووە".

شایانی باسه‌؛ رۆژی 20-12-2017 بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و کۆمه‌ڵی ئیسلامیی کوردستان کشانه‌وه‌یان له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ڕاگه‌یاند و ڕۆژی 16-1-2018ش یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان هه‌مان بڕیاری دا.

 

سەرپەیڤ