May 21, 2018 07:48 Asia/Tehran
  • وشداریدان لەمەڕ شوێنهاتی بایکۆتی پرۆسەی سیاسی عێراق لەلایەن پارتە کوردستانییەکان

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان پێی داگرت، بێتوو پرۆسەی سیاسی عێراق لەلایەن پارتە کوردە نەیارەکان بە ئەنجامی هەڵبژاردنیی پەرلەمانیی عێراق بایکۆت بکرێ، هەرێمی کوردستان بەرەوڕووی قەیران دەبێ و دەبێتە جێ بەجێ کەری فەرمانەکانی بەغدا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، سەلیم کۆیی پاش دیمانە لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵیی ئێس، ئێن، ئێن وتی کە ئێستا شەش پارتی هەرێمی کوردستان بریتی لە؛ بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، بزووتنەوەی ئیسلامی وحزبی شیوعیی هەرێمی کوردستان کۆکن لەسەر ئەوەی کە بێتوو وەڵامی ناڕەزایەتی دەربڕینەکەیان بە ئەنجامی هەڵبژاردنیی پەرلەمانیی عێراق لەهەرێمی کوردستان نەدرێتەوە، پرۆسەی سیاسی عێراق بایکۆت بکەن.

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی  کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان وتیشی: جارێ ئەو پارتانە لەبارەی ئەو بژارەوە بڕیاری یەکجاریان نەداوەو چاوەڕوانی وەڵامی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقن.

ناوبراو وشداریی دا ، جێ بەجێ کرانی ئەو بژارەو بایکۆتی پرۆسەی سیاسی عێراق لەلایەن ئەو پارتانە، هەرێمی کوردستانی بەرەوڕووی قەیرانێکی مەترسیدار دەکاو هەرێم دەکا بە جێ بەجێکەری فەرمان و بڕیارەکانی بەغدا و ئەگەری پێشێلکرانی مافی یاسایی هەرێم لەلایەن دەوڵەتی عێراق بەرز دەبێتەوە.

سەلیم کۆیی وتیشی ، دەبێ هەموو پارت ولایەنەکانی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە وتووێژ بکەن و ڕێککەوتنێکی گشتداگر لەنێوانیان ئەنجام بگرێ.

شایانی ئاماژەیە، ئەو پارت و لایەنانە ، ناڕازین لەمەڕ ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و خوازیاری بەڕێوەچوونی دووبارەی هەڵبژاردن لە هەرێم وکەرکووک بوون و هەڕەشەیان کردووە، بێتوو ئەو داواکارییانەیان وەڵام نەدرێتەوە، لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەکشێنەوە.