May 25, 2018 12:24 Asia/Tehran
  • سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکانیش بەکار نەهێنرێت

ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگ بڕیاری دا لە هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا بە هیچ جۆرێک سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکانیش بەکارنەهێنرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوەی  ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان تاوتوێی پرسی بەکارهێنان یان بەکارنەهێنانی سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ هەڵبژاردنەکان کرا. لە ئەنجامدا بە کۆی دەنگی هەر نۆ ئەندامەکەی ئەنجوومەنەکە بڕیاردرا "سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکانیش بەکار نەهێنرێت و وەک پێشتر دەنگەکان بەدەست جیابکرێنەوە".

پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کۆمیسیۆنی هەرێمی کوردستان بڕیاریدابوو هاوشێوەی عێراق سیستەمی ئەلیکترۆنی بەکاربهێنێت، بەڵام ناڕەزایەتی چوار لایەنی سەرەکیی هەرێمی کوردستان لەو سیستەمە وایکرد کۆمیسیۆن جارێکی دیکە بە بڕیارەکەدا بچێتەوە.

رۆژی 21-5-2018 پێنج لایەنی کوردستانی (گۆڕان، هاوپەیمانی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی) یاداشتێکی پێنج خاڵیان ئاراستەی کۆمیسیۆن کرد و داوایان کرد کار بە سیستەمی ئەلیکترۆنی نەکرێت.