ئاب 19, 2019 07:53 Asia/Tehran
  • رەزامەندیی ئێران لە گەڵ بەفەرمی بوونی سێ دەروازەی سنووری هاوبەش لە گەڵ هەرێم

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە راگەیاند حکومەتی ئێران رەزامەندیی فەرمیی خۆی لە گەڵ بە نێودەوڵەتی بوونی سێ دەروازەی سنووریی کێلێ ، شوشمێ و پشتە لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق دەربڕیوە .

بە پێی راپۆرتی رووداو ، کاوە عەلی کەریم بە بڵاو کردنەوەی ئاگاداریەک رایگەیاند سەرۆک کۆماری ئێران بە ناردنی نامەیەکی فەرمی بۆ پارێزگاری هەڵەبجە رەزامەندیی خۆی لە گەڵ بەفەرمی بوونی سێ دەروازەی سنووریی کێلێ و شوشمێ - تەوێڵە و پشتە - شێخ ساڵە لە نێوان  ئێران و هەرێم راگەیاندووە  .

 هەروەها لە ئاگاداریەکەدا هاتووە هەنگاوی دواتر ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم ، رەزامەندیی ئێران بە کاربەدەستانی هاوپێوەند لە حکومەتی ناوەندیی رابگەیەنێ و دەبێ دانیشتنێک لە نێوان کاربەدەستانی ئێرانی و عێراقی لەم بارەوە و بۆ بڕیار دان لە بارەی هەنگاوە دواجارەکانی جێبەجێ بوونی ئەم بابەتە ، بەڕێوە بچێ ، چونکە بڕیاردانی دواجار دەبێ لە لایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی ئێرانەوە بێ .

 پێویستە بگووترێ تا ئێستا چەندین دانیشتن لە نێوان کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها کاربەدسەتانی هاوپێوەند لە حکومەتی  ناوەندیی عێراق لە بارەی بەفەرمی بوونی  ئەم دەروازە سنووریانە بەڕێوە چووە و لایەنەکان لەسەر پێوێستیی بەدیهێنانی ژێرخانە پێویستە کان لە سنورەکانی خۆیان جەختیان  کردووەتەوە .