ئاب 21, 2019 12:50 Asia/Tehran
  • سەفەری وەزیری بەرگریی ئاڵمان بۆ هەولێر

وەزیری بەرگریی ئاڵمان بۆ یەکەمجار لەکاتی بەدەستەوەگرتنی ئەو پۆستە، گەیشتە هەولێر و دیدار و وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی کورد لە بەرنامەی سەردانەکەیەتی.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، بەگوێرەی ڕاگەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری بەرگریی ئاڵمان ئەمڕۆ چاوی دەکەوێ بە "شۆڕش ئیسماعیل" وەزیری پێشمەرگەی هەرێم و سەردانی پێگە سەربازیەکانی ئاڵمان دەکا لە هەرێم کە فەرمانبەرێتی و ئەرکی مەشق پێکردن بە هێزی پێشمەرگەیان لەئەستۆیە.

"کارن باوئەر" لەدیدار لەگەڵ فەرماندەرانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی دیکەی هەرێم، شەڕی دژ بەداعش و پرس و بابەتی هاوپێوەند بە ئامادەبوونی سەربازیی ئاڵمان لە هەرێمی کوردستان تاووتوێ دەکا و پاشانیش لە پرێس کۆنفرانسێکدا، ئەنجامەکانی سەردانەکەی بۆ بەغداو هەولێر ڕادەگەیێنێ.

ئاڵمان لە چوارچێوەی یارمەتییەکانی هاوپەیمانی جیهانیی دژ بەداعش، یارمەتیی سەربازی و چەکئامێریی خۆی بە هەرێم و هێزی پێشمەرگە کردووە و نەخۆشخانەیەکی تایبەتی هێزی پێشمەرگەی بە پێنج ملوێن دۆلار لە هەولێر سازکردووە.

مەشق پێکردن بە هێزی پێشمەرگە بەمەبەستی ئاشنابوونی ئەو هێزانە لەگەڵ تەکنیکە مۆدێرنە جەنگییەکان و کەرەستە نوێ سەربازییەکان لەساڵی٢٠١٤وە و بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئەو هێزانە لەگەڵ داعش لەلایەن حەوت وڵاتی ئەندامی هاوپەیمانیی جیهانیی دژبەداعش دەس پێ کراو هێشتاش هەربەردەوامە.

پێشتر"فیل برینگ" فەرماندەری هێزە ئاڵمانییەکان لە عێراق ڕایگەیاند کە ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی ئەرکەکانی لە هاوپەیمانیی جیهانی دژ بەداعش، ڕەوتی مەشق پێکردنی سەربازیی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان درێژە پێ دەدا.

پاش ئەوەی وەزیری بەرگریی ئاڵمان گەیشتە بەغدا ، نووسینگەی ڕاگەیاندنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەدەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە ناوبراو پێش نیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممە لەدیدار لەگەڵ "ئانگرت کرامپ کارن باوئەر" وەزیری بەرگریی ئاڵمان و وەڤدی یاوەری لەشاری بەغدا پێی داگرت؛ لەهەوڵدان هەتا درێژە بدەن بە هاوکاریی نێوان دوو وڵات و شەراکەت و پرۆژە مەزنەکان لەگەڵ بەرلین لەئاراستەی بنیات نانەوەی عێراق و دەسڕاگەیشتن بە پێشکەوتنی گشتداگر.

وەزیری بەرگریی ئاڵمانیش لەو چاوپێکەوتنەدا وێڕای پێداگری لەسەر هۆگریی دوو وڵات بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری لەبواری ئاسایشی، ئابوری و بنیات نانەوە، وتی کە پاڵپشتی دەکەن لە بڕیاردانی سەربەخۆیانەی عێراق و خۆشحاڵیشن لە پێشکەوتن، سەقام و توانای هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە.