کانونی یه‌که‌م 13, 2019 16:06 Asia/Tehran
  • قوباد تاڵەبانی: پەسندکردنی پرۆژەیاسای چاکسازی بابەتێک نیە بۆ موزایەدە کردن

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عیراق وتی پرۆژەیاساکە دوای گفتوگۆیەکی تێرو تەسەلی سەرۆکی حکومەت، لەلایەن بەندەو هەموو وەزیرەکان پەسندکراوە، بۆیە ناکرێت، بکرێتە دەسکەوت بۆ هیچ کەس و لایەنێکی دیاریکراو.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی "بنەڕەتی ئەم پرۆژەیە هی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەو لەم کابینەیەشدا وەک چۆن لە کارنامەکەیدا بەڵێن درابوو، بەگیانێکی بەرپرسانەو پڕ لەتەبایی و لە سایەی کاری پێکەوەیی ناو ئەنجوومەنی وەزیران دەوڵەمەند کرا و دەنگی لەسەر درا".

قوباد تاڵەبانی لەبارەی پەسندکردنی پرۆژەیاساکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەرۆکی حکومەت و بەندە و هەموو وەزیرە بەڕێزەکانی سەر بە هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانی بەشداری حکومەت و سکرتێر و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی تێروتەسەلیان کرد تا پرۆژەکەمان لە کۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تێپەڕاند. بۆیە ناکرێت بکرێتە دەسکەوت بۆ هیچ کەس و لایەنێکی دیاریکراو بەتەنها و بابەتێک نییە بۆ موزایەدەکردن".

پرۆژەیاسای چاکسازی گەیشتووەتە پەرلەمانی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت "بەهیواین هەمان گیانی تەبایی نێو ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی پرۆژەکەوە لە پەرلەمانیشدا رەنگبداتەوە بۆ ئەوەی لەنزیکترین دەرفەتی گونجاودا لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی دەربچوێندرێت".