کانونی یه‌که‌م 16, 2019 10:21 Asia/Tehran
  • عەدنان موفتی: پێویستە حکومەتی هەرێم بەخۆیدا بچێتەوە و لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بێت

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی عیراق لەبارەی دۆخی عێراقەوە هۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان "بەخۆیدا بچێتەوە و لەئاستی بەرپرسیارێتیدا بێت بەرامبەر بە هاوڵاتیان"، دەشڵێت، دەبێت هەموان وریابن و ئاگاداربن لەوەی لە عێراق رودەدات، دەشڵێت، "ئەوەی هەیە داواکاریەکانی خەڵکن و پێشموابێت داواکاری خەڵکی ئێمەشە".

 

عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان  و سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یەکشەممە لەمیانی بەشداریکردنی لەکۆنفرانسێکدا بەناوی "کوردستان لەبەردەم گۆڕانکاریەکان"دا رایگەیاند، "دەبێت داواکاری خەڵکی خۆمان جێبەجێ بکەین، دەبێت هەموان وریابن و ئاگاداربن لەوەی لە عێراق رودەدات، ئەوەی هەیە داواکاریەکانی خەڵکن و پێشموابێت داواکاری خەڵکی ئێمەشە، هەروەها داواکاری ناوچەکانی موسڵ و ئەنبار و سەرجەم ناوچەکانی دیکەیە".

 ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای ساڵی 2003 و روخانی سەدام هەڵەیەکی زۆر گەورە کرا، وتیشی :  "ڕەنگە ئەوکاتە هەمومان خوێندنەوەکەمان بەڕاست زانیبێت، بەڵام بۆچونی زۆرمان هەڵە بوو لەسەر دامەزراندنی عێراقی نوێ کە فەرهەنگی تایفەگەری تێدا زاڵبوو، سەڕەڕای میلیارەها دینار لەسەروەت و سامانی عێراق، خەڵکی عێراق ئێستا ناڕازیە، چونکە کەسێک نەبوو یاسایەکی دروست دابنێت و چاکسازی بکات لەخزمەتگوزرایە سەرەتاییەکان و دابینکردنی بۆ هاوڵاتیان".

موفتی باسی لەوەشکرد،لە دوای ساڵی 2003ەوە لە عێراقدا چەندین گروپی تیرۆریستی دروستبوون، خەڵکی عێراق نەیانپەرژایە سەر ئەوەی خزمەتگوزاری چیان بۆ کراوە، بەڵام کە ئێستا گروپەکان لەناوبراون دەبینێت چی بۆ نەکراوە.

لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستانەوە عەدنان موفتی رونیکردەوە، "ئاشتەوایی ناوماڵی کورد زۆر گرنگ بوە بۆ کورد، بەڵام ئەو ئاشتەواییە لە عێراق نەهاتەدی.