ئادار 30, 2020 16:26 Asia/Tehran
  • حکومه‌تى هەرێمی کوردستان بۆ دەستکاری کردنى مووچه‌ رای مەکتەبی سیاسی حزبەکان وەردەگرێ

وه‌زیرێکی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق رایگه‌یاند، حکومه‌تی هه‌رێم بۆ بڕیاری کۆتایی له‌باره‌ی ده‌ستکاریکردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ رای مەکتەبی سیاسی حزبەکان وەردەگرێت.

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ لێدوانێکی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، لە کۆبوونەی ئەنجومەنی وەزیران پرسی موچەو مووچەخۆران تاوتوێکراوە، چەند بڕگەو رێنماییەکی نوێش خرانەڕوو لەباره‌ی چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابوورییەکان بە جۆرێک کێشە بۆ مووچەخۆران دروستنەبێت.

له‌باره‌ی بڕیاری کۆتایی له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، حەمەی حەمەسەعید باسی له‌وه‌کردووه‌، "ئەنجومەنی وەزیران بۆ بڕیاری کۆتایی رای مەکتەبی سیاسی حزبەکان وەردەگرێت، پاشان بەرنامەکانی خۆی لەو بارەیەوە جێبەجێ‌ دەکات".

شەممە حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە تایبەت بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئابووری و جێبەجێکردنی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبووه‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی کۆبوونه‌وه‌که‌، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی تەندروستی و پلانەکانی حکومەت کرا  بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی بۆ سەر ئابووری هەرێمی کوردستان و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.

وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان وتیشی، "سیناریۆی جیاواز هەیە له‌باره‌ی ده‌ستکاریکردنی مووچه‌، بەڵام حکومەت هیچ بڕیارێکی لەسەر پرسی مووچە نەداوە".