ئامانجی سەردانەکەی موگرینی بۆ تاران چییە؟
موگرینی بە مەبەستی سەردانێکی یەک ڕۆژە، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە گەیشتە تاران هەتا سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندی بازرگانی لە نێوان ئێران و ئەورووپا لەگەڵ "محەمەدجەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران باس و وتووێژ بکات.
ئەمڕۆ تاران میوانداری موگرینییە، بەرپرسی سیاسەتی دەرەکی یەکیەتی ئەورووپا کە لە 15ی سەرماوەزی 93ی هەتاوییەوە هاتە ڕیزی دانوستانکارانی پرسی ناڤۆکیی ئێران و 1+5، ئافرەتە دیپلۆماتی 42 ساڵان کە پێشتر وەزیری دەرەوەی ئیتالیا بووە و بە دوای هەڵبژاردنی بۆ پۆستی بەرپرسی سیاسەتی دەرەکیی یەکیەتی ئەورووپا هاتە گۆڕەپانی دانووستانی ناڤۆکیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی 1+5 ەوە.
فدریکا موگرینی بۆ یەکەم جار پاش ڕێککەوتنەکەی ڤیەنا لە بەرواری 6 ی گەلاوێژی 1394ی هەتاوی و لە پەیوەندی لەگەڵ بەدواداچوونی بەرجام و هەروەها پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و یەکیەتیی ئەورووپا بۆ یەکەم جار لەگەڵ شاندێکی یاوەری سەردانی تارانی کردووە. ئەو لە میانەی ئەم سەردانەدا لەگەڵ کاربەدەستە ئێرانییەکان باس و بیروڕای گۆڕییەوە.
ئەمە دووەم سەردانی موگرینییە بۆ ئێران لە سەردەمی وەرگرتنی پۆستەکەی و هەروەها یەکەم سەفەریەتی پاش بەڕێوەچوونی بەرجام و ئامادە بوونی ئەم شاندە ئەورووپییە بۆ یەکەم جارە لە مێژووی پەیوەندییە دوو لایەنەکانی ئێران و یەکیەتی ئەورووپا کە بە ئەنجام دەگات.
هەر لەم پەیوەندییەدا کاربەدەستێکی باڵای یەکیەتیی ئەورووپا لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆیتەرز بە ئاماژەدان بەوەی کە پرسی جۆربەجۆری وەکوو دۆخی سووریا و باسی کردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتی هەمیشەیی یەکیەتی ئەورووپا لە ئێران، لە ماوەی ئەم سەفەرەدا تاووتوێ دەکرێ، گوتیشی کە تەوەرەی سەرەکی ئەم سەفەرە،"پەیوەندی دووبارە"ی ئەورووپا و ئێران دەبێ لە سەردەمی پاش بەرجام. ئەو گوتی کە لە دانیشتنە دوولایەنەکاندا، چۆنیەتی هاندانی بانکەکانی یەکیەتی ئەورووپا بۆ پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ ئێران دێتە ئاراوە.
دکتۆر زەریف پێش دیدار لەگەڵ موگرینی بە وڵاتانی ئەندامی 1+5 ی ڕاسپارد خۆ ببوێرن لە هەر چەشنە هەنگاوێکی هەڵنەسەنگێندراو و لە درێژەشدا گوتی قازانج و بەرژەوەندی هەمووان لەوەدایە کە بەرجام بچێتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە و هەموو بەڵێندار بن لە ئاست بەرپرسایەتییەکانی خۆیان.
مەزندە دەکرێ لە میانەی ئەم سەردانەدا بڵاونامەیێکی گشتی لە نێوان موگرینی و زەریف واژۆ بکرێت کە پلانی ڕێگا بۆ هەر دوو لا دیاری بکات و هەروەها لەوانەیە چەند ڕێککەوتنامەی دیکەش بە تایبەتی لە بواری نەوت و وزە لە لایان کاربەدەستانی دوو لایەن واژۆ بکرێت.