بەشی دووهەمی دەمڕکەی بەربژارانی هەڵبژاردنەکانی ئێران
شەش بەربژاری هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران ئەمڕۆ لە دووهەم دەمڕکەی تەلەفزیۆنی لەبارەی پرس وبابەتە سیاسی و چاندیەکان لە ڕوانگەی یەکتر ڕەخنەیان گرت.
حەسەن ڕۆحانی یەکێک لە بەربژارانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لەدرێژەی ئەو دەمڕکەدا وتی: ئێمە ئەگەر بمانەوێ پرسی فەرهەنگی کۆمەڵگاکەمان و فێرکاری بگەیێنیە ئاستێکی باڵا دەبێ گرینگی بە ژێرخانەکەی بدەین؛ یەکەم ژێرخانیش ئەخلاقە، واتە ئێمە هەقوناس لەبەرچاو بگرین؛ واتە مافەکانی خەڵک نەخەینە بن پێ ، روحانی وتی: چلۆنە کە بەڕێز قالیباف بوختانێکی نەشیاو لە وەزیرێک دەدات. ئەگەر دەمانەەوێ پەروەردەو بارهێنان بچێتە پێش دەبێ ئازادی لەکۆمەڵگادا هەبێ؛ ئەگەر ئازادی نەبێ لاوان چلۆن دەتوانن پێشکەون؟ رۆحانی ڕوو لە قالیباف وتی: کاتێک زانکۆیەک لە شیراز ، نوێنەرێکی مەجلیسی بانگهێشتن دەکا، دۆستانی ئێمە ڕێگری لێ دەکەن، لە شەقام بە خشتە پەلاماری ئۆتۆمبیلەکەی دەدەن ئەویش کەسێک کە کوڕی شەهیدی خودان ڕێز عەلـلامە موتەهەرییە، ئاخۆ لە وەها کۆمەڵگایەکداو لەوەها بارودۆخێکدا دەتوانین زانکۆیەکی ئازادمان هەبێت؟
ئیسحاق جەهانگیری یەکێکی دیکە لە بەربژارانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێرانیش لەدرێژەی ئەو دەمڕکە وتی: گەشەی زانست و وڵات، دوو سەرچاوەی سەرەکی هەیە، یەکێکیان پەروەردەو بارهێنان کە پێویستە بەجیددی گرینگی بە پرس وبابەتەکانی بدرێ، هەم سەنەدی ئاڵ و گۆڕی فێرکاری وهەم گوزەرانی مامۆستایان. ناوبراو لەدرێژەدا وتی: مامۆستایان ئەمڕۆ شوێندانەرترین چینی کۆمەڵگان. لە دەوڵەتی یازدەهەمدا سەرباری هەموو بەرتەسکی و ئاستەنگ گەلێک کە لەبەردەممان دابوو، مووچەی مامۆستایانمان لە مامناونجی ملوێنێک و٢٥٠هەزار تمەن گەیاندە دوو ملوێن و ٨٥٠هەزار تمەن بەڵام من لێرەدا دان بەوەدادەنێم کە باری گوزەرانی مامۆستایان گونجاو نییە و دەبێ هەوڵی جیددیتر لەوبارەوە بدرێ.
ڕەئیسی بەربژارێکی دیکەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری وتی : خێرایی ڕەوتی گەشەی زانستی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە وڵات کەمی کردووە. سەید ئیبراهیمی رەئیسی لەدرێژەی دەمڕکەکەدا و لەکاردانەوە بە لێدوانەکانی قالیباف وتی: ئێمە شەش بەربژار لێرە ئامادەبووین هەتا بەرنامەو ڕوانگەی یەکتری بخەینە بەر ڕەخنەوگازندە هەتا خەڵک بگەنە ئەنجامێک. ئەوە مافی خەڵکە لەبارەی بەرنامەکانی ئێمە بگەنە ئەنجامێک و ئەو باس و خواسانەی کە مافی خەڵک لەوبارەوە پێشێل بکات، پەسەند ناکەین. ناوبراو لەدرێژەدا وتی: خاڵی گرینگ، گەشەی زانستی لە وڵاتە کە خێرایی ڕەوتی زانستی لە وڵات لە چەند ساڵی ڕابردوودا ، کەمی کردووەو ئەنجومەنی زانست، توێژینەوەو تەکنۆلۆژیا پێک نایەت، بەرنامە داڕشتن بۆ ڕاکێشانی خوێندکار و مامۆستا بەجۆرێک کە بەگوێرەی هەرێمە جیاجیاکان وپێداویستیەکانی وڵات بێ، بوونی بۆ نییە.
رەئیسی وتی: ملوێنێک خوێندکار ئەمڕۆ لە وڵاتدا بروانامەی خوێندنیان وەرگرتووەو بێکارن.
مستەفا هاشمی تەبا بەربژارێکی دیکەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێرانیش لەدرێژەی دەمڕکەکەدا وتی: لە وەزارەتی پەروەردەو بارهێنان، گرینگیەکی کەم بە پرسی پەروەردە دەدەین، واتە ڕەچاوکردنی فەکتەرەکانی پەروەردە لەتەنیشت فێرکاریدا، ئەوە، ئەو نوقسانەیە کە هەردەم لە پەروەردەو بارهێنانی ئێمەدا هەیە. ناوبراو وتی: قانونمان، ئیرادێکی گەورەی تێدایەو ئەویش ئەوەی کە ئەندامانی زانستی زانکۆکان دەتوانن کاری دووهەم هەڵبژێردن ، ئەوە لەکاتێکدایە کە کاری ئەندامانی زانستی زانکۆکان دەبێ زانست، توێژینەوەو ڕێنمایی خوێندکاران بێ، بەبڕوای من ئەگەر زانکۆکانمان وردبینانەتر بجوڵێنەوەو خوێندکارانمان پلەکانی خوێندن بەباشترین شێوە و پلە تێپەڕێنن، ئەنجامەکە شیاوتر دەبێ. زانکۆکانمان ناوەندی گۆش کردن و پەروەردەکردنی ستافەکانی داهاتووی وڵاتن و لەوبارەوە، وردەکاری زیاتر پێویستە.