زەریف: ئێران لە دامەزراندنی پێوەندیی دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست پێشەنگ بووە
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ئێران بەردەوام لە دامەزراندنی پێوەندیی دۆستانە، برایانە و هاوسەنگ لە سەر بنەمای ڕێزی بەرامبەر و قازانجی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست پێشەنگ بووە.
محەممەد جەواد زەریف" ڕۆژی هەینی لە کۆبوونەوەیەکی نیودەوڵەتیی "ئاسایش و گەشەی پاوەجێ لە ئاسیای ناوەڕاست" لە شاری سەمەرقەندی ئوزبەکستان، وتیشی: بنچینەی ستراتژیی ئێران لە سەر گەشەپێدان و بەهێزتر کردنی هاوکاری، هەوڵ لە پێناو دامەزرانی ئاشتی، پاوەجێی و هێوری لە ناوچەکە و یەکگرتنەوە و هاوکاری لە چوارچێوی ناوەندە ناوچەیی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دانراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاسایش و پاوەجێی دراوسێکانی بە ئاسایش و پاوەجێی ئێران زانی و وڕاشکاوانە ڕایگەیاند: یارمەتیدان بۆ چارەسەر کرانی کێشە و ناکۆکی، هاوکاریی دوولایەنەی ئەمنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ومەترسیی هاوبەشی تیرۆریزمی تەکفیری، توندڕەوی، قاچاخی مادەی هۆشبەر و کۆچی نایاسایی لە گرینگترینی بەشدارییە کاریگەرەکانی ئێران لە بەهێزتر کردن و پتەوتر کردنی پاوەجێی و ئاسایشی لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاستدایە.
زەریف هاوبیرو ڕایی و پێکەوە ڕاهاتنی گشتداگری وڵاتانی ناوچەکەی بە پێویست زانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بنەڕەتیی توندڕەوی و تیرۆریزمی تەکفیری لە ناوچە و جیهان و وتیشی: دیتنەوەی ڕیشە و سەرچاوەکانی سەرهەڵدانی بزووتنەوە دژە ئیسلامییەکان پێشمەرجی خەباتی کاریگەر و لێبڕاوانە دژ بە سەرچاوەکانی تیرۆر و توندڕەوییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها بە ئاماژە بەوەی کە ناکرێ بە خەرج کردنی سەدان ملیار دۆلار ئاسایش بکڕین و یان بیفرۆشین وتیشی: ئاسایش لە جیهانی ئەمڕۆ بە ڕەهەندی سەربازی بەرتەسک نەبۆتەوە و بە بازرگانی کردنی ئاسایش، مامەڵە و سات و سەودایەکی تازەیە کە هەندێ زلهێزی جیهانی و واوەناوچەیی وەڕێیان خستووە و هێناویانەتە نێو ئەدەبییاتی سیاسییەوە.
زەریف پێی داگرت: سەردەمی ئاسایشی یەکلایەنە و ئاسایش بە پشت بەستن بە توانای بانی سەربازی کۆتایی هاتووە و ئەوە وانەیەکە کە زلهێزانی خۆتێوەردەری واوەناوچەیی و ئەو وڵاتانەی بە نیازی ئاڵۆزی نانەوە و خستنە مەترسیی ئاسایشی وڵاتانی دیکەن، زۆر بە باشی لە قەیرانی ئێراق، سووریا، یەمەن و ئەفغانستان فێر بوون.
کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاسایش و گەشەی پاوەجێ لە ئاسیای ناوەڕاست ئەمڕۆ هەینی بە بەشداریی بەرپرسان و کەسایەتییەکانی وڵاتانی ناوچە لە سەمەرقەندی ئوزبەکستان دەست پێ بوو.