ڕۆحانی: ئەمریکییەکان ناتوانن بەرجام لەناوبەرن
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژەدان بەمەی کە لەکاتی جێبەجێ کرانی بەرجام، ئەمریکیەکان بەجاران ویستوویانە ئەم ڕێککەوتننامەیە لەناوبەرن، وتی: ئەمریکاییەکان بۆ تێک دانی بەرجام، سەرکەوتوو نابن.
حەسەن روحانی ،سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕوژی سێ شەممە لە یەکەمین کۆبوونەوەی نەتەوەیی ڕاپۆرتی جێبەجێ کرانی مافی شارومەندان لە تاران وتی : ئەگەر وڵاتێک نەیاری بەرجامە ، پشت بە دوناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا نەبەستێ چونکە هیچ کارێکتان بۆ ناکات .
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێداگری کرد : بەرجام دەمێنێتەوە و ئێران ڕێگەی خۆی درێژە پێ دەدات .
دوناڵد ترەمپ ئوکتوبەری ڕابردوو خۆی بوارد لە پشت ڕاست کردنی پێبەند بوونی تاران بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی کە ساڵی 2015 لەنێوان ئێران و وڵاتانی پێنج و یەک بەدەست هاتبوو .
دوابەدوای ئەم بڕیارە دەرفەتێکی شەست ڕۆژە خرایە بەردەستی کۆنگرەی ئەمریکا هەتا سەبارەت بە دەستپێکرانی بایکۆتەکان بە دژی ئێران بڕیار بدات بەڵام کۆنگرەی ئەمریکا بەتێپەڕین لە کاتی دیاریکراو، ئەو کارەی سپاردەوە بە ترەمپ.
ترەمپ دەبێ ناوەڕاستی مانگی زانیڤەری ساڵی 2018 سەبارەت بەوەی کە ئایا خوازیاری چاوپۆشی کردن لە بایکۆتی ناڤۆکی ئێرانە، بڕیار بدات .
ئێران ڕایگەیاندووە هەتا کاتێک کە وڵاتانی دیکەی مۆرکەری بەرجام پێبەندی ئەم ڕێککەوتنە بن، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش پێبەندی ڕێکەوتنی ناڤۆکی دەبێت بەڵام ئەگەر واشینگتۆن لەم ڕێککەوتنە بکشێتەوە، ئەویش لەبەرامبەر دا هەر ئەو کارە دەکات .