زەریف و لاڤرۆف وتووێژی تەلەفوونیان کرد
"محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و "سێرگەیی لاڤرۆف" وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، شەوی هەینی وتووێژی تەلەفوونیان کرد.
"زەریف و لاڤرۆف" لەم وتووێژە تەلەفوونییەدا سەبارەت بە پێوەندیی دوولایەنەی ئێران و ڕووسیا، دەریای خەزەر، پرسە ناوچەییەکان و هەروەها بڕیاری درووستی ڕووسیا لەمەڕ ڤیتۆ کردنی بڕیارنامەی دژە ئێرانیی پێشنیاریی بەریتانیا بۆ نوێ کردنەوەی بایکۆتی چەکەمەنی دژ بە یەمەن لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بیر و ڕایان گۆڕییەوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دووشەممەی ڕابردوو بۆ لێکدانەوەی پێشنووسەکانی دوو بڕیارنامەی دژ بە یەمەن، کۆبوونەوەی بەڕێوە برد.
پێشنووسی بڕیارنامەی یەکەم بە پێشنیاری بەریتانیا و بە مەبەستی وەبن گوشار نانی ئێران دوابەدوای بانگەشەکانی بەڕێ کردنی چەک بۆ یەمەن بوو کە لە لایەن ڕووسیاوە ڤیتۆ کرا. بەریتانیا پێشنووسی ئەو بڕیارنامەی بە یارمەتیی ئەمریکا و فەرانسا داڕشتبوو.
پێشنووسی بڕیارنامەی دوەم بە پێشنیاریی ڕووسیا بەڵام تەنیا بۆ نوێ کردنەوەی ماوەی بایکۆتی چەکەمەنی یەمەن تا فێڤرییەی ٢٠١٩ بوو کە بە دەنگی ئەرێنیی هەموو ئەندامان پەسەن کرد.
عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن ، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە . ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە 13 هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.
هێزە یەمەنییەکانیش لە کاردانەوە بە هێرشەکانی دەسدرێژکاران، بنکە و مەتەرێزی هێزەکانی ڕژێمی ئالی سەعود و بەکرێگیراوانی لە یەمەن و نێو خاکی عەرەبستان دەدەنە بەر پەلامار.
هاوپەیمانی دەسدرێژکاری سەعوودی بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئێران چەک و مووشەک دەخاتە بەردەستی هێزە جەماوەرییەکانی یەمەن و بەم کارە تەگەرە دەنێتەوە لە سەرڕێگای چارەسەر کرانی قەیرانی یەمەن.
ئەوە لە کاتێکدایە کە کاربەدەستانی یەمەنی بەردەوام رادەگەیەنن دەسەڵاتی بەرەڤانیی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن تەواو خۆجێی و ناوخۆییە و وێڕای ئەوەی ئەم وڵاتە لە لایەن ڕژێمی سەعوودییەوە گەمارۆیەکی هەمەلایەنە دراوە بەڵام توانای بەرەڤانیی یەمەنییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ.