دیدار و وتووێژی زەریف لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بۆسنەو هێرزەگۆڤین
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و بۆسنەو هێرزەگۆڤین لە سارایۆڤۆ دیدار و جەختیان کرد لەسەر پەرەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لە بواری جیاجیادا.
محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و ئیگۆر سرناداک وەزیری دەرەوەی بۆسنەو هێرزەگۆڤین، ئەمڕۆ هەینی لە دوو خول وتووێژی خۆیان ،وێڕای تاووتوێی دواگۆڕانکارییەکانی پەیوەندیی دوو وڵات لەبواری سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی جەختیان کرد لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان دوو وڵات لەگشت بوارەکاندا.
وتووێژ لەبارەی دواگۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکان و پێویستیی هاوکاری نزیکتری دوو وڵات لە کۆڕو نێوەندو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لە بابەتەکانی دیکەی وتووێژگەلی ئەو دیدارو دیمانەیە بوو.
پێویستیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و توندڕەوخوازان وەک هەڕەشەیەکی هاوبەش بۆ هەموو ناوچەکانی جیهان و پێداگری لەسەر هاوکاریی دوو وڵات لەوبارەوە، بەهێزکرانی گەشتیاری و پەیوەندییە جەماوەرییەکان و هەروەها ئاسانکاریی بۆ دەرکرانی ڤیزا بۆ بازرگانان و کارئافرێنەرانی دوو وڵات ، لە بابەتگەلی دیکە بوو کە لەلایەن وەزیرانی دەرەوەی ئێران و بۆسنەو هێرزەگۆڤین تاووتوێ و لێکدرایەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران شەوی پێنج شەممە لەدواقۆناخ لە سەفەرەکەی بۆ ناوچەی باڵکان و ڕۆژهەڵاتی ئوروپا لەسەرووی شاندێکی سیاسی و ئابووری گەیشتە سارایۆڤۆی پایتەختی بۆسنەو هێرزەگۆڤین. زەریف پێشتر سەردانی سربستان، بولگاریاو کرۆڤاسیای کردبوو و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە لەمەڕ پەرەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و هەندێ پرسی ناوچەیی و جیهانی وتووێژی کردبوو.