نیسان 14, 2018 07:59 Asia/Tehran
  • زەریف: کردەی سەربازیی دژ بە سووریا ئیدانەکراو و بۆ ئاسایشی ناوچە جێی مەترسییە

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوێشەو(هەینی) لە پەیوەندییەکی تەلەیفونی لەگەڵ هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئاڵمان پێی داگرت: هەرچەشنە کردەیەکی سەربازی لەدژ سووریا بەبیانووی بەکارهێنانی چەکی شیمیایی شەرمەزار کراو، و بۆ ئاشتەوایی وئاسایشی ناوچە جێی مەترسییە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی مێهر، مەحەممەد جەوادی زەریف، لەو پەیوەندییە تەلەیفونییەدا وێڕای شەرمەزارکردنی هەرچەشنە بەکارهێنرانی چەکی شیمیایی پێی داگرت لەسەر پێویستیی ئەنجام گرتنی لێکۆڵینەوەی بێلایەنانەی جیهانی لەمەڕ پەلاماری شیمیایی بانگەشە بۆکراوی سەر ناوچەی دوما لە غوتەی ڕۆژهەڵاتی.

تیرۆریستانی جێگیر لە دوما دوێشەو(هەینی)، دەمشقیان بۆسەر ئەو ناوچەو کوشت وبڕی دەیان کەس تۆمەتبار کرد. ئەو تۆمەتەی کە حکومەتی سووریا لێبڕاوانە ڕەتی کردۆتەوە.

میدیا رۆژاوایی و عەرەبییەکانی لایەنگری تیرۆریستان پاش ئەو بانگەشەی تیرۆریستان، شەڕی دەروونی قورسیان لەدژ دەمشق دەس پێ کرد.

ئەمریکاو ژمارێک وڵاتی هاوپەیمانی بە قۆستنەوەی ئەو بارودۆخە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەو سەنەدێکی بڕواپێکراویان لەدەستدابێ، حکومەتی سووریایان بەو پەلامارە تۆمەتبار کرد.

ئەوە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، سوپای ئەو وڵاتە هیچ نیشانەیەکی لە پەلاماری شیمیایی سەر ناوچەی دوما لە غوتەی ڕۆژهەڵاتیی سووریا نەدۆزیوەتەوە.

ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی بەتوندی نیگەرانی شکست هێنانی تیرۆریستان لە سووریان.

سەرپەیڤ