May 08, 2018 11:52 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی ئەڵمان: ئێمە  هەوڵ دەدەین ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بپارێزین

وەزیری دەرەوەی ئەڵمان وتی: ئێمە بە هاوکاریی فەرەنسا و بەریتانیا ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران .

بە پێی راپۆرتی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ڕاشاتودەی؛ "هەیکۆ ماس" Heiko Maas شەوی رابردوو لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشیدا لەگەڵ "ژان ئیڤ لۆدریان" هاوتای فەرەنسیی خۆی لە بەرلیندا وتی: ئەڵمان و فەرەنسا چەندین هەفتەیە کە بە شێوەی هاوبەش هاوڕێ لەگەڵ بەریتانیا لێبڕاوانە هەوڵێکی بەربڵاو دەدەن بۆ مانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمان وتی: دواڕۆژانی هەفتەی ڕابردوو ئێمە چەن پێشنیاری باشمان لەم بارەوە هێنایە ئاراوە بۆ ئەوەی هەڵوێستەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە شەریکی ئەمریکاییمان زیاتر نزیک ببێتەوە.

هەیکۆ ماس وتیشی: ئێمە هەروەک رابردوو بڕوامان وایە کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، جیهانی هێورتر کردووە و شکست هێنانی ئەم ڕێککەوتنە بۆتە هۆی نالەبارتر بوونی ئەم باروودۆخە.

ئێران و پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ڕووسیا و چین) هاوڕێ لەگەڵ ئەڵمان ژولایی ٢٠١٥ لە سەر ڕێککەوتنێک گەیشتنە تەبایی کە بە پێی ئەو ڕێککەوتنە بڕیارە لەبری دیاری کرانی بەرتەسکی بۆ چالاکیی ئاشتیانەی ئەتۆمیی ئێران، هەموو بایکۆتە نێودەوڵەتی و یەکلایەنەکانی هاوپێوەند بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەڵگیردرێ.

بەڵام دەوڵەتی پێشووی ئەمریکا بەردەوام لە جێبەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە بەلێنشکێنی دەکرد. تەگەرنانەوەکانی ئەمریکا لە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە دەسەلات گرتنە دەستی دۆناڵد ترەمپ  و پێ نانی دەنێو کۆشکی سپی وەلوو سەرۆک  کۆماری ئەمریکا بوو بە هەڕەشەیەک لە سەر هەڵوەشانەوەی ئەم ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەڕەشەی کردووە بێتوو لە دەقی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێراندا گۆڕانکاریی پێویست بە پێی ویست و خواستی ئەو نەیەتە ئاراوە، واشینگتۆن لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە دێتە دەرەوە.

ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی ١+٥ ( بەریتانیا، فەرانسا، ڕووسیا، چین، ئەمریکا و ئەڵمان) لە ژانڤییەی ٢٠١٦ـەوە گەیشتۆتە قۆناغی جێ بەجێ کرانەوە.

سەرپەیڤ