May 14, 2018 19:33 Asia/Tehran
  • پەیوەندیی تەلەیفونیی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئاڵمان لە بارەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی

هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لەپەیوەندیی تەلەیفونی لەگەڵ مەحەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی و بەرنامەکانی ئاڵمان و یەکێتی ئوروپا بۆ پاراستنی، وتووێژی کرد.

مەحەممەد جەوادی زەریف کە لە مۆسکۆیە، رۆژی دووشەممە لەو پەیوەندییە تەلەیفونییەدا ، پێی داگرت لەسەر مۆڵەتدان بە دیپلۆماسی لەکاتێکی چڕوپڕدا بۆ دەستەبەریی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێران لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی.

وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیش بەپشت ڕاست کردنەوەی بەرتەسکیی کاتی، وتی: حکومەتی ئاڵمان خەریکی پلانداڕشتن لەناوخۆی ئەو وڵاتەو هەروەها لەئاستی ئوروپایە بۆ تاووتوێی ڕێگاکانی پاراستنی ڕێککەوتنی ناڤۆکی و سوودوەرگرتنی ئێران لە بەرژەوەندییەکانی.

وەزیری دەرەوەی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لەدرێژەی ڕاوێژکارییەکانی لەبارەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا هەتا ئیمکانی بەردەوام کردنی ڕێککەوتنی ناڤۆکی بەمەرجی دەستەبەرکرانی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران تاووتوێ بکات.

زەریف شەممەی ڕابردوو(١٢ی مای) سەردانی پیکەنی پایتەختی چینی کردو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دیدار ولەبارەی داهاتووی ڕێککەوتنی ناڤۆکی ڕاوێژی کرد.

بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئێران لە مۆسکۆ بەرەو بەلژیک بکەوێتەڕێ هەتا لە بروکسل لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی فەڕانسە، ئاڵمان، ئینگلیز و فدریکا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا دیدار و وتووێژ بکات.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەشتی مای٢٠١٨، بەدووپات کردنەوەی تۆمەت پاڵدانی پڕووپووچ لەدژ ئێران، چوونەدەری واشنگتۆن لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی و گەڕاندنەوەی گەمارۆ ناڤۆکییەکان لەدژ ئێرانی لەماوەی سێ هەتا شەش مانگی داهاتووی ڕاگەیاند. کردەی ترەمپ لەگەڵ کاردانەوەی لایەنەکانی دیکەی ئیمزاکەری ڕێککەوتنی ناڤۆکی و کۆمەڵگای جیهانی بەرەوڕوو بووە.

سەرپەیڤ