ڕۆحانی: ئەمریکای بڕواپێنەکراو، پێبەندی هیچکام لە بەڵێنەکانی نییە
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بە چوونەدەری یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی وتی: کارنامەی دەوڵەتی واشینگتۆن لەم ساڵانەدا بە لەونێک بووە کە ئەمڕۆ ئیتر ئەمریکا بە وڵاتێک لە جیهاندا دەناسرێ کە هیچ بڕوا و متمانەیەکی پێ ناکرێ و هەمووان دەزانن کە دەوڵەتی ئەم وڵاتە پێبەندی هیچکام لە پەیمان و بەڵێنەکانی نییە.
"حەسەن ڕۆحانی" ڕۆژی چوارشەممە لە دیداری "ڕەی یونگ هو" Ri Yong-ho ی وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور لە تاران، دامەزرانی ئاشتی و ئاسایشی تۆکمە و تەواو لە ناوچەی شێوەدوورگەی کۆریای بە ویست و خواستی ئێران زانی و ڕایگەیاند: ڕووداو وگۆڕانکارییەکانی شێوەدوورگەی کۆریا بۆ تاران گەلێک پڕبایەخە.
ڕۆحانی بە ئاماژە بە پێوەندیی دۆستانە و نزیکی تاران _ پیونگ یانگ لە درێژەی چەن دەیەی ڕابردوودا وتیشی: ئێران و کۆریای باکوور لە زۆر قۆناغێکی هەستیاری نێودەوڵەتی و کۆڕ و کۆمەڵی جیهانیدا ڕوانگەی هاوبەشیان هەبووە و بەردەوام پشتیوانیان لە یەکتری کردووە و لە باروودۆخی ئێستایشدا وڵاتانی دۆست و هاوڕێ دەبێ بە پەرە پێدانی پێوەندییەکان و بەرز کردنەوەی ئاستی هاوکارییان ، لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکاندا یار و پشتیوانی یەکتری بن.
"ڕی یونگ هو"ـیش بە ئاماژە بە پێوەندیی دۆستانەی نزیکی نێوان ئێران و کۆریای باکوور و هەڵویست و ڕوانگەی هاوبەشی دوو وڵات سەبارەت بە پرسە جۆربەجۆرەکانی ناوچە و جیهان وتی؛ سیاسەتی ستراتژیکی کۆریای باکوور پەرەپێدانی پیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرەنگاربوونەوەی یەکلایەنەخوازییە.
وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و هەوڵ بۆسەر لەنوێ داسەپاندنەوەی بایکۆتەکان بە سەر ئێرانی بە ستراتژییەکی نادرووست و دژ بە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان زانی و بە ئاراستە کردنی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان کۆریای باکوور و ئەمریکا لە سەنگاپوور و ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی شێوەدوورگەی کۆریا بە سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند کە پەرەپێدانی پێوەندییەکانی دوو وڵات گەلێک گرینگ و پڕبایەخە.
"ڕەی یونگ هو" ی وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور کە سەردانی تارانی کردووە ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران دیدار و وتووێژی کرد.