کانونی دوھەم 23, 2019 09:01 Asia/Tehran
  • ساڵحی : ئێران بەوپەڕی دەستەڵاتەوە لە سەر چالاکیە ناڤۆکییەکانی بەردەوام دەبێت

سەرۆکی ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی ئێران وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران چالاکیی ناڤۆکیانەی خۆی لە بوارەکانی دۆزینەوە، ھەڵێنجاندن،پیتاندن، دروسشت کردنی ھێزگە و سانتریفیوژی تازە بەردەوام دەکات.

عەلی ئەکبەری ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی ئێران ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی چواری تەلەفزیۆنی ئێران وتی: باسی تەکنیکیی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام بە جۆرێک بووە کە ئێران بتوانێ چالاکیی ناڤۆکیانەی خۆی بە بێ پێشێلکردنی ئەم ڕێککەوتنە ئەنجام بدات.

عەلی ئەکبەری ساڵحی بە دەربڕینی ئەمەی کە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ماوەی ئەوەیان نەدا کە پیشەسازیی ناڤۆکی بە ھاتنەئارای ڕێککەوتنی ناڤۆکی ڕابگیردرێت، وتیشی: دوای فەرمانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە ھەوڵی پیتاندنی ئۆرانیۆم بە بارستایی ١٩٠ ھەزار سو، گەشەی باش لەم بوارەدا دەست کەوتووە.

عەلی ئەکبەری ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی ئێران وتیشی: نزیکەی دە ڕۆژی دیکە سی تەن کێکی ئۆرانیۆم لە ئەردەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەسفەھانی ناوەڕاستی ئێران.

عەلی ئەکبەری ساڵحی ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردن بە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام وتیشی: ئەمریکا بە لۆژیکی زۆرداری ھەڕەشە لە وڵاتان دەکات، بەڵام ھاوبیروڕاییەکی جیھانی کە ئەمریکا بتوانێ پشتی پێ ببەستێت لە ئارادا نییە.

حەزرەتی ئایەتووڵڵا عوزما سەیید عەلی خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران چوارەمی ژوئەنی ٢٠١٨ لە ئاھەنگی بیست و نۆھەمین ساڵگەڕی کۆچی دوایی ئیمام خومەینی (رە) دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ، بەرپرسانی ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی ئێرانی ئەرکمەند کرد کە بە خێرایی بەستێنی پێویست بۆ گەییشتن بە ١٩٠ ھەزار سو لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام دا خۆش کەن.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوام بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی هەنگاوی هاوبەش، ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجامی وەک ڕێککەوتنێکی ترسناک وەسفکردووەو داوای تێکدانی دەکات، دیارە ئەمەش بڕیارێکە کە بەرەوڕووی ڕەخنەی بەرفراوانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەوانە لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنەکە واتە (ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەرانساو ئەڵمان) و تەنانەت زۆرێک لە کاربەدەستانی ئەمریکاش بووەتەوە.

سەرپەیڤ