شەمخانی : هاوکاریی ئێران و سوریا لەبەرەوڕووبوونەوەی ترۆریزم بەردەوام دەبێ
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران وتی: هاوکاریی ئێران و سوریا لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی ترۆریزمی تەکفیری، کۆمەڵێک دەسکەوتی حاشاهەڵنەگری بۆ ناوچەو ئاسایشی جیهانی بووەو ئەو ڕەوتە هەتا کۆتایی هاتنی قەیرانی ئاسایشی لەو وڵاتە، درێژەی دەبێ.
دەریاڤان "عەلی شەمخانی" سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئەمڕۆ سێ شەممە لەدیدار لەگەڵ "وەلید موعەلیم" وەزیری دەرەوەی سوریا لەتاران وتی: گەڕانەوەی ئاسایش بۆسوریا هەلێکی گرینگە بۆ گەشەو ڕاژەکاریی گەیاندن بە خەڵکی ستەملێکراوی ئەو وڵاتەو ئێران هەر بەوجۆرەی کە لەبەرەنگاربوونەوەی ترۆریزم لەتەنیشت حکومەت وگەلی سوریادا بوو، لە سەردەمی بنیات نانەوەی ئەو وڵاتەش درێخی ناکا لە یارمەتیدانی ڕاوێژکارانە.
شەمخانی بەئاماژە بەوەی کە پرسەکانی جیهانی ئیسلام هاوپێوەند و گرێدراو بەیەکەو وڵاتانی ئیسلامی دەبێ بەگرتنەبەری شێوازی لێک نزیکبوونەوەو هاوکاری لەپێناو چارەسەریی کێشەکانی بەردەم، هەوڵ بدەن، وتی: دوژمنانی هاوبەشی جیهانی ئیسلام بەتایبەت ئەمریکا و رژیمی زایۆنی هەوڵ دەدەن بەرژەوەندیی درشتی وڵاتانی ئیسلامی لەوان ئاسایش و پێشکەوتنی ئابوری لەڕێی کێشەو دووبەرەکی نانەوە لەبەین ببەن.
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران درێژەی دەسدرێژکاریی رژیمی زایۆنی بۆسەر خاکی سوریاو کردەی دژە سوپاو هێزە خۆڕاگرەکان وهەروەها پێشێلکرانی یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتەی بە قەبووڵنەکراو زانی و وتی: بێتوو ئەو کردانە درێژەیان پێ بدرێ، ڕێوشوێنی پێش بینی کراو چالاک دەکرێ بۆ پێش گرتن و وەڵامدانەوە لێبڕاوانەو هاوتەریب بەجۆرێک کە ببێتە مایەی پەندوەرگرتن بۆ خونکاران و سەرەڕۆیانی درۆزن و تاوانکاری ئیسرائیل.
وەزیری دەرەوەی سوریاش بەخستنەڕووی ڕاپۆرێک لەمەڕ دواگۆڕانکارییە مەیدانییەکانی ئەو وڵاتە، پێوشوێن گرتنی ڕەوتی سیاسی بۆ دەربازبوون لە قەیرانی، بە یەکێک لە بژارە گرینگەکان زانی و ڕێزی گرت لە داکۆکیی بەرفراوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خەڵک و حکومەتی سوریا بۆ گەیشتن بە ئاشتەوایی و ئاسایشی پاوەجێ لە ناوچەدا.