خەڕازی : ڕەوتی ئوروپا لەهەمبەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئێرانی بەرامبەر ئوروپا بێ متمانە کردووە
سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکیی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئێران وتی: ڕەوتی ئوروپا لەهەمبەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی، هەستیاریەکانی دووهێندە کردووەو بووتە مایەی بێ متمانەیی بیروڕای گشتی لەئێراندا بەرامبەر ئوروپا.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا)؛ "کەمال خەڕازی" سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکیی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئێران رۆژی سێ شەممە لەدیدار لەگەڵ شاندێک لە ئەندێشگەی فەڕەنسیی مۆنتین لەتاران وتی: کردەوەی خێراتری ئوروپا لە جێ بەجێ کرانی کاناڵی تایبەتی تیجارەت لەگەڵ ئێران ناسراو بە "ئینستێکس" دەتوانێ کەشی بێ متمانەیی بەرامبەر ئوروپا بگۆڕێ.
سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکیی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئێران ئاماژەشی کردە پرسی سوریاو وتی: سەرباری ڕوانگەی جیاوازی ئێران، ڕووسیاو تورکیا، سێ وڵاتی هاوبەرژەوەند لەهێنانەدی سەقام وئاسایش لە سوریاو ڕاوێژکاریی نێوان سێ وڵات لەوبارەوە بەکەڵک و سازندەیە.
سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکیی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئێران لەبارەی شکستی ترۆریستان لەسوریاش وتی: گەلی سوریا داکۆکی دەکا لە بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بۆ هێنانەدی هێمنی و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی ترۆریزم.
خەڕازی بەئاماژە بە دەمەقڕەی سەرۆک وەزیرانی رژیمی زایۆنی لەدژ ئێرانیش وتی: بێنیامین نەتانیاهۆ بۆ هەڵبژاردنەکان پێویستی بە نمایشی دەسەڵات هەیە بەڵام باش ئاگاداری ئەوەیە کە هەرچەشنە جم و جۆڵ لەدژ بەرژەوەندییەکانی ئێران ، جۆرێک خۆکوشتنی سیاسی بۆخۆی دەبێ.