بوومەلەرزەکەی شەوی ڕابردووی دەماوەند دوو کوژراوو ٢٣ برینداری لێ کەوتەوە
بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای تاران ڕایگەیاند: بە ھۆی بوومەلەرزەکەی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ھەینیی دەماوەند، دووکەس کوژران و ٢٣ کەسیش بریندار بوون.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ھەینی بوومەلەرزەیەکی ٥.١ ڕیختەری لە قوڵایی حەوت کیلومەتریی زەوییەوە دەماوەندی سەربە پارێزگای تارانی ھەژاند.
«مەنسوور دەرەجاتی» بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای تاران سەبارەت بە تازەترین ڕێژەی بوومەلەرزەکەی دەماوەند، ڕایگەیاندووە: بە ھۆی بوومەلەرزەکەی پارێزگای تاران ھەتا ئێستا دوو کەس گیانی خۆیانیان لە دەست داوە کە بریتین لە پیاوێکی شەست ساڵان کە لە کاتی ھەڵاتن دا سەری زەبری وێکەوتووەو ئافرەتێکیش کە لە بەر وەستانی دڵی گیانی سپاردووە.
لەم ڕووداوەدا ٢٣ کەسیش بریندار بوونە کە دوانزەیان برینەکانیان قورس نەبووەو یانزەشیان لە ترس و یان لە کاتی ھەڵاتن دا زەبریان وێکەوتووە کە یان ھەر لەجێی خۆیانداو یان دوای ڕەوانەکرانیان بۆ ناوەندەکانی فریاکەوتن چارەسەرییان بۆ کراوەو کەسیان پێویستیان بە نەخۆشخانە نەبووە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای تاران وتیشی: ھەر لەکاتی سەرھەڵدانی کۆرۆناوە تەواوی ھێزەکانی فریاکەوتن لە پارێزگاکەدا بەتەواوی لەسەرھەستن وبەڕوودانی بوومەلەرزەکەش بنکەی قەیرانی دەماوەند پێکھات و ھەتا ئێستا ھەڵسەنگاندنی ھێزەکانی فریاکەوتن وادەردەخات کە بوومەلەرزەکە زیانێکی ئەوتۆی لێ نەکەوتووەتەوە.