کانونی یه‌که‌م 23, 2020 16:56 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: چارەنووسی «ترەمپ» لە «سەددام» باشتر نابێت

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە دەربڕینی ئەمەی کە «سەددام» دیکتاتۆری لەنێو چووی ڕژێمی بەعسی عێراق شەڕی سەربازی و «دۆناڵد تەرمپ»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکاش شەڕی ئابووریی بە سەر ئێراندا سەپاند، وتیشی: چارەنووسی «ترەمپ» لە «سەددام» باشتر نابێت.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆملاری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی کۆڕی دەوڵەت وێڕای ئاماژە کردن بە شەڕی داسەپاوی ڕژێمی  بەعسی عێراق بە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتیشی: جەماوەری ئێران لە شەڕی سەربازی دا دەستیان دایە دەستی یەکتر و ھاودەنگ و یەکگرتوو «سەددام»یان بە چۆک دا ھێنا.

ڕۆحانی بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە «سەددام» ڕۆژێک لە ڕۆژان لە سێدارە درا، وتیشی: گەلی ئێران بە خۆڕاگری و ڕاوەستان پیلانی ئەوانەیان پوچەڵ کردەوە کە بەوپەڕی بوغراییەوە چاوەڕوانی شکست ھێنانیان بوون.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای ئاماژە کردن بە شکست ھێنانی ئەمریکا لە کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکاندا، وتیشی: ئەمریکییەکان ھەر کاتێک دژی ئێران ھانایان بۆ ڕێکخراوەی نەتەوەکان و کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان برد، ھاوڕێ نەریتییەکانیشیان پشتیان نەگرتن و ئەورووپاش قسەی لێ قەبووڵ نەکردن.

«حەسەن ڕۆحانی» لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بە ئاماژە بەمەی کە ڕزگارکرانی سەرزەوینەکانی کۆماری ئازەربایجان لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تاران و باکوو شوێن دانەر بوو، وتیشی: ئێران و کۆماری ئازەربایجان لە سەر دابین کردنی کارەباو ئاو لە ڕێگای بەنداوی «خودائافەرین»ەوە ڕێککەوتوون.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆملاری ئێرانی ئیسلامی  ھەروەھا تیشکی خستەسەر کەوتنەگەڕی ڕێگای ئاسنی خواف بۆ ھەراتیش و ھیواداریی دەربڕی کە ئەم ڕێگائاسنە بگاتە مەزار شەریفیش و لەوێوە بە ئاسیای ناوەندی و ئوزبەکستانەوە پەیوەست ببێت.

سەرپەیڤ