پیرۆزبایی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران بە بۆنەی سەرکەوتنی «بەشار ئەسەد»ەوە
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران بەرپاکرانی سەرکەوتووانەی ھەڵبژاردنی سووریاو سەرکەوتنی «بەشار ئەسەد»ی لە دەوڵەت و گەلی ئەو وڵاتە پیرۆز کرد.
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی ھەینی لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: بەرپاکرانی سەرکەوتووانەی ھەڵبژاردن و بەشداریی بەربڵاوی خەڵکی سووریا ھەنگاوێکی گرینگە لە ئاراستەی چەسپێندرانی ئاشتی و سەقام و ھێمنایەتی و بنیاتنانەوەو گەشاندنەوەی سووریا.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەخت لەوە کراوەتەوە کە، کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای ڕێزگرتن لە بڕیاری خەڵکی سووریا، لە مافی چارەی خۆ نووسینی گەلی سووریاو داھاتووی ئەو وڵاتە بە بێ دەستوەردانی بیانی داکۆکی دەکات.
«حەمودە سەباغ» سەرۆکی پەرلەمانی سووریا لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند: «بەشار ئەسەد» بە مسۆگەر کردنی پتر لە سەدی ٩٥ی دەنگەکان ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئەم وڵاتەی بردووەتەوە.
بە پێی ڕاگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی سووریا، لە ١٤ ملوێن و ٢٣٩ ھەزار سووری کە لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئەم وڵاتە بەشدارییان کردووە، ١٣ ملوێن و ٥٤٠ ھەزارو ٣٦٠ کەس دەنگیان بە بەشار ئەسەد داوە.
«مەحمود مەرعی» و «عەبدوڵا سەلوم عەبدوڵڵا» پاڵێوراوانی دیکەی سەرۆک کۆمارەتیی سووریاش بە ڕیز ٤٧٠ ھەزارو ٢٧٦ دەنگ ھاوتەریب لەگەڵ «٣.٣»ی دەنگەکان و ٢١٣ ھەزارو ٩٦٨ دەنگ ، ھاوتەریب لەگەڵ «١.٥» دەنگیان مسۆگەر کردووە.
سەرۆکی پەرلەمانی سووریا بەشداریی جەماوەری لەم خولەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئەم وڵاتە بە لەسەدا ٧٨ ڕاگەیاند.
ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی سووریا شەوی پێنج شەممە بە ململانێی سێ پاڵێوراوو لە میانەی پێشوازیی بەرچاوو گەرم و گوڕی خەڵکی ئەم وڵاتە بەڕێوە برا.