ئەمیر عەبدوڵڵاھییان: کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی شەش وڵاتی دراوسێ بەم زووانە لە تاراندا بەڕێوە دەچێت
وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران لە پێشنیاری ھاوتا پاکستانییەکەی بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی شەش وڵاتی دراوسێ پێشوازیی کردو ئامادەیی ئێرانی بۆ بەرپاکردنی ئەم دانیشتنە لە ماوەی ڕۆژانی دھاتوو لە تاراندا ڕاگەیاند.
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، «حسەین ئەمیر عەبدوڵاھییان» وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە لە یەکەم دیداری کاری خۆی دا وەک وەزیری دەرەوە چاوی بە «شا مەحمود قورەیشی» وەزیری دەرەوەی پاکستان و شاندەکەی ھاوڕێی کەوت.
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و پاکستان لە دیدارەکەیاندا وێڕای پێداگرتن لە سەر پەرە پێ دانی پەیوەندیی دوو لایەنە لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری لە بارەی ئەو کارە ئەرێنییانەی لە ماوەی مانگەکانی ئەم دواییە سەبارەت بە پەرە پێ دانی پەیوەندیی ئابووریی نێوان دوو وڵات و بە تایبەت پێکھێنانی دوو سنوری تازە و بەرپا کردنی کۆمیسیۆنی ھاوبەشی ئابووری و لێژنەی ھاوباشی بازرگانیی دوو وڵات لە داھاتوودا وتووێژیان کرد.
«حسەین ئەمیر عەبدوڵاھییان» لە دیدارەکەدا ھەڵگرتنی لەمپەرەکانی سەر ڕێگای گەشەی پەیوەندییەکان، گرفتەکانی بنکە سەرسنوورییەکان و بە تایبەت ئاسانکاری بۆ ھاتوچۆی گەڵابەکان لە بنکە سەرسنوورییەکانی دوو وڵاتەوە، پەرە پێ دانی ھەرچی زیاتری پەیوەندیی ئابووری، ئامادە بوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی وزە لە پاکستان بە تایبەت گاز، کارەبا و پیشەی دەستکرد و ئینجا لە بەرامبەردا دابین کردنی پێداویستییەکانی ئێران لە بەرھەمەکانی پاکستان شی کردەوەو پێی لە سەریان داگرت.
«شا مەحمود قورەیشی» وەزیری دەرەوەی پاکستانیش ھەر لەو دیدارەدا وێڕای شی کردنەوەی دانوستانەکانی لەگەڵ کاربەدەستانی سێ وڵاتی ئاسیای ناوەندی شرۆڤەی دوایین دۆخی ئەفغانستانیشی کرد.
پشتگریی ھەردووک وڵات لە دامەزرانی سەقام و ئاشتی لە ئەفغانستان و پێکھاتنی دەوڵەتێکی ھەمەلایەنە بە ئامادە بوونی تەواوی ھۆزەکان لەو بابەتانەی دیکەی بوو کە ھەردووک وەزیری دەرەوەی ئێران و پاکستان لە بارەیەوە ڕاوێژیان کرد.