وەزیری دەرەوەی ئێران : رێگا نادەین کەس پێوەندی نێوان ئێران و ئەرمەنستان تێکبدات
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی:رێگا نادەین هەندێ وڵاتانی بیانی لە سەر پێوەندی ئێران لە گەڵ دراوسێیەکانی و بە تایبەت ئەرمەنستان کاریگەری دابنێن.
حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لە کۆبوونەوەی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ هاوشانی ئەرمنستانی خۆی، وتی: ئێمە لە گەڵ ئەرمەنستاندا لە سەر گەشەی هاوکاری سیاسی، ئابووری، گەشتیاری، بازرگانی و فەرهەنگی ڕێککەوتووین.
ئەو وتیشی: بە دەنگی بەرز ڕایدەگەینین رێگا نادەین هەندێ وڵاتانی بیانی لە سەر پێوەندی ئێران لە گەڵ دراوسێیەکانی و بە تایبەت ئەرمەنستان کاریگەری دابنێن.
ناوبراو راشیگەیاند: هەموو وڵاتانی ناوچەکە لە سەر بڕوایەکی هاوبەش واتا چارەسەر کردنی کێشە ناوچەییەکان بە بێ دستێوەردانی بیانییەکان ڕێککەوتووین.
هەروەها ئارارات میرزوویان وەزیری دەرەوەی ئەرمەنستانیش لەم کۆبوونەوەدا وتی: بە پێی ئەو دانوستان و وتووێژانەی ئەنجاممان داوە، وێدەچێ داهاتووییەکی باش چاوەڕێمان بێت. هەردوو لا لە سەر گەشەی پێوەندی ستراتیژیک ڕێککەوتووین.
ئەو وتیشی: هێرش و دەستدرێژی ئازەربایجان لە ناوچەی بەربڵاوی ئەرمەنستان، هەموو هەوڵی ئێمە دەخاتە مەترسییەوە. ڕێز لە هەڵوێستی ئێران لەم بارەوە دەگرین.