نیسان 03, 2023 04:18 Asia/Tehran
  • وتەبێژی حکومەتی ئێران: کردەوەی تیرۆریستی بێ وەڵام نامێنێتەوە

وتەبێژی حکومەتی ئێران بە ئاماژە بە شەهید بوونی دوو ڕاوێژکاری سەربازیی ئێران لە سووریا جەختی کرد: کردەوەی تیرۆریستی بێ وەڵام نامێنێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا)، «عەلی بەهادوری جەهرومی» وتەبێژی حکومەتی ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیویەتی: خووی ڕژێمی زایۆنی و تیرۆریستە حکومەتییەکانی دیکە لە کاتی قەیرانەکاندا، ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستییە لە دەرەوەی سنوورەکانیان بە مەبەستی شاردنەوەی قووڵایی کێشە ناوخۆییەکانیان.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی لە هێرشی تاوانکارانەی ڕژیمی زایۆنی لە گردوپەڕی دیمەشقی سووریا ، سەرگورد «میلاد حەیدەری»و سەروانی پاسدار «میقداد میهقانیی جەعفەر ئابادی»، ڕاوێژکاری سەربازیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی شەهید بوون.

«ناسر کەنعانی چافی» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش شەهیدبوونی دوو ڕاوێژکاری سەربازیی ئێرانی لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەو ترسنۆکانەی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوچەکانی گردوپەەڕی دیمەشق لە سوریا، بە بەشێک لە تێچووی خەباتی نەتەوەی گەورەی ئێران لە شەڕی ئازایانەو بەرپرسیارانە لە دژی تیرۆریزمی تەکفیری و لایەنگرە ئاشکراکانیان لەوانە ڕژێمی ساختەی زایۆنی زانی.

وتەبێژی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی خۆی بۆ بنەماڵەی بەنرخی ئەو شەهیدە سەربەرزانە وتیشی: درێژەی هێرشەکانی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی دژبە سوریا،  پێشێلکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە، خەوشاندنی یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان و بەردەوامیی بەهێزکردنی تیرۆریزمە.

سەرپەیڤ