ته‌مووز 27, 2024 13:26 Asia/Tehran

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: چارەنووسی ئەوانەی پاش خیانەت کردنە ئێرانی ئازیزمان بە پاڵپشتیی دوژمنانی گەلی ئێران، ئاو و خاکی زێد و نیشتمانی خۆیان و هاووڵاتیانیان خستە بەر شاڵاوی ڕکوکین، ئاوارەیی و یان ئەزموونەکەی مرسادیان نەبێ، چیتر نییە.

ناسر کەنعانی بە ئاماژە بە ساڵڕۆژی ئۆپەراسیۆنی مرساد نووسی: مونافقین کە ساڵانێکە ئاوارەی ئەورووپان و بوونەتە دارەدەستی سیاسیی ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنی و ژمارێک وڵاتی ئەورووپایی بانگەشەکەری مافی مرۆڤ، دەستیان بە خوێنی ئێرانییەکان سوورە و کارنامەیەکی ڕەش و جەنایەتکارانەیان هەیە. کەنعانی وتیشی: ئەوان لە ساڵانی پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی گەلی ئێران، دەستیان دایە تیرۆر کردنی زیاتر لە حەڤدە هەزار شاروومەندی ئێرانی و لە ئاکامدا دەست بە داوێنی سەدامی جەنایەتکار بوون.

پاش قەبووڵکرانی بڕیارنامەی ژمارەی ٥٩٨ و کۆتایی هاتنی شەڕی داسەپێندراوی سەدام بە سەر ئێران، مونافقینی جەنایەتکار بە یارمەتیی ڕژێمی بەعس  و بە مەبەستی زەبردان لە حکومەتی کۆماری ئیسلامی، دەستیان دایە جەنایەتی جەنگی و کوشتاری بێبەزەییانەی خەڵکی بێ تاوانی ئێران. لە کاردانەوەدا، هێزەکانی ئێران لە چوارچێوی ئۆپەراسیۆنی مرساد هاتنە مەیدانەوە و بە تەواوەتی تێکیانشکاندن. لەم شەڕەدا، زیاتر لە بیست تیپی هاوبەشی مونافقین و سوپای عێراق بە زیاتر لە چوار هەزار و هەشتسەد کوژراو و بریندار،  مەیدانی جەنگیان بەجێهێشت و ڕایانکرد. هەروەها زیاتر لە سەد و بیست تانک، چوارسەد ترۆمبیلی سەربازهەڵگر و ڕادەیەکی زۆر چەک و کەرەستەی جەنگیی دوژمنیش تیاچوو. 

 

سەرپەیڤ