ڕێبەری مەزنی شۆڕش: ڕۆژانی داهاتوو گەلێک بەشکۆتر لەم ڕۆژانەمان دەبێ
https://kurdish.sahartv.ir/news/ئێران-i447066-ڕێبەری_مەزنی_شۆڕش_ڕۆژانی_داهاتوو_گەلێک_بەشکۆتر_لەم_ڕۆژانەمان_دەبێ
ڕێبەری مەزنی شۆڕش لە پەیامێکدا بە بۆنەی هەفتەی بەرەڤانیی پیرۆز، بە چاوخشاندنێک بە سەر ئەو ڕووداوانەی کە ژیانی خەڵکیان لە سەردەمی حکومەتی پەهلەوییەکاندا تاڵ کردبوو و بە هەڵسەنگاندنی ئەو ڕۆژانە و ئەمڕۆی گەلی ئێران، پێیداگرت: ڕۆژانی داهاتوومان گەلێک بەشکۆتر لەم ڕۆژانەمان دەبێ.
(last modified 2026-09-28T15:48:10+00:00 )
ئه‌یلوول 28, 2026 19:18 Asia/Tehran
  • ڕێبەری مەزنی شۆڕش: ڕۆژانی داهاتوو گەلێک بەشکۆتر لەم ڕۆژانەمان دەبێ

ڕێبەری مەزنی شۆڕش لە پەیامێکدا بە بۆنەی هەفتەی بەرەڤانیی پیرۆز، بە چاوخشاندنێک بە سەر ئەو ڕووداوانەی کە ژیانی خەڵکیان لە سەردەمی حکومەتی پەهلەوییەکاندا تاڵ کردبوو و بە هەڵسەنگاندنی ئەو ڕۆژانە و ئەمڕۆی گەلی ئێران، پێیداگرت: ڕۆژانی داهاتوومان گەلێک بەشکۆتر لەم ڕۆژانەمان دەبێ.

حەزرەتی ئایەتووڵلا سەید موجتەبا حسێنی خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕش و فەرماندەری گشتیی هێزە چەکدارەکان لە پەیامێکدا بە بۆنەی ساڵیادی ڕۆژانی دەسپێکی شەڕی سەپێندراوی یەکەم و بەرگریی هەشت ساڵە و مێژوویی گەلی ئێران ، بە ئاماژە بە هەوڵی زاڵێتیخوازان بۆ گەڕاندنەوەی ئێران بۆ سەردەمی دواکەوتوویی و زەلیلی و بندەستی و بەسراوەبوون و ناوزڕاوی لە ڕێگای سەپاندنی شەڕێک لە دەیەی یەکەمی شۆڕشدا، جەختی کرد: سەرباری هەموو هەوڵەکانیان، نیزامی ئیسلامی بەهێزتر و لێهاتووتر لە جاران، بە دەنگێکی بەرزتر و فڕینێکی قوقنووس ئاسا هەستایەوە و ئەمەش بوو بە تایبەتمەندیی بەردەوام و هەمیشەیی ئەم نیزامە لە ڕووداوەکانی دیکەیشدا کە سەرچاوەکەیان دەگەڕایەوە بۆ پیلانەکانی دووژمن و ئێستا ئەو قۆقنووسە بە هۆی زەخت و گوشارەکانی دوژمن و بەتایبەت دوو شەڕی سەپێندراوی ئەمدواییە ئەوەندە گەورە بووە کە سێبەری فڕینەکەی کەوتۆتە سەر خاک و وڵاتی دوژمنانیش. ڕێبەری مەزنی شۆڕش شەڕی سەپێندراوی بە یەکێک لە گرنگترین پیلانەکانی دوژمنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی یەکەمی شۆڕش هێنایەئەژمار و راشکاوانە فەرمووی: گەلی ئێران لە کاتێکدا دەستی دایە بەرگری کردن لە خاک و وڵاتی خۆی کە لە بواری ئیمکانات و کەرستەی پێویستەوە، کەموکوڕییەکی زۆری هەبوو؛ بەڵام بە پشت بەستن بە ئیمان، خۆڕاگری و فیداکاریی خەڵک و خەباتکاران، بەرگری کرد لە سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاک و  وڵاتەکەی. لە پەیامەکەی ڕێبەری مەزنی شۆڕش و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا هاتووە؛ سەردەمانێک زاڵێتیخوازان بە وەڕێخستنی شەڕی سایکۆلۆژیک و نانەوەی کەشێکی پڕ ترس و تۆقان، شەقامەکانی پێتەختیان چۆڵ کرد و کودەتایەکیان دژ بە سەربەخۆییخوازیی ئەم گەلە وەڕێخست و پاش ئەوە ٢٥ ساڵی ڕەبەق دەستیان دایە تاڵان کردنی سامانی ئەم وڵاتە؛ بەڵام ئێستا دەبینین کە ئەوە حەوت مانگە هاووڵاتیانمان مەیدان و  شەقامەکانی سەرانسەری وڵاتیان بە بەشداری بەرپرسیارانە و پڕ سۆز و خرۆشی خۆیان ڕازاندۆتەوە، بۆ ئەوەی خەباتکارانی ئیسلام دڵگەرم بن و دوژمن تەواو بتۆقێ. لە پەیامەکەی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیدا هاتووە: هەروا کە زیاتر لە ٣٠ ملوێن ئێرانی ، گیانفیدابوونی خۆیان ڕاگەیاندووە و ئەو کاتەی کە بۆ ڕێکخستنیان پێویست بە سەرلەنوێ ئامادەیی دەربڕین بوو، تەنیا لە ماوەی ١٠٠ خولەکدا، زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس هەموو جێگا و ئەرکە داواکراوەکانیان پڕ کردەوە. ئیستاکە لە سەرانسەری ئێرانی ئیسلامیدا کە ئێرانی لە هەموو هۆز و ئایین و ئایینزایەکەوە رازاندوویەتییەوە، ئامادەیی جۆراوجۆر راگەیاندراوە بەتایبەت ئامادەیی چەکدارانە بۆ ئەوەی کە ئەوان ناودار ببن و دوژمن ناوزڕاو.
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی هەروەها بە ڕێزگرتن لە دووەم ساڵیادی شەهیدبوونی پاڵەوانی عەرەب و هێمای بەرزی بەرەی خۆڕاگری شەهید سەیدحەسەن نەسرووڵلا و ڕێزگرتن لە خۆڕاگری و خەباتی عاشوورایی شێخ نەعیم قاسم بەڕێوەبەری گشتی و هەر هەموو خەباتکارانی حیزبوڵڵای لوبنان، راشیگەیاند: ئەم ڕۆژانەی لوبنان ڕۆژانێکی درەوشاوە و پڕشانازییە بۆ هەموو خەباتکارانی خۆڕاگری و ڕۆژانێکی زەلیلکەر و لە ئاکامدا سەرشۆڕکەرە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لە بەرامبەر دوژمنی زایۆنیدا چاوی هیوایان بڕیوەتە بەڵێنە درۆینەکانی زاڵێتخوازان و ناحەزانی خاک و وڵاتیان. ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی هەرەها جەختیشی کرد لە سەر پێویستی بەردەوامبوونی خۆڕاگری لە لوبنان و ناوچەکەدا و فەرمووی: ئەزموونی گەلی ئێران لە سەردەمی بەرەڤانیی پیرۆز ئەوەی دەرخستووە کە خۆڕاگری و بەرخۆدان بەرامبەر بە زەخت و گوشاری دەرەوەیی دەتوانێ ببێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری توانا و سەربەخۆیی وڵات. ڕێبەری مەزنی شۆڕش لە کۆتاییدا جەختی کرد کە سەردەمی بەسراوەبوون ئیتر تێپەڕیوە و گەلی ئێران بەردەوام دەبێ لە سەر ڕێگای سەربەخۆیی، سەربەرزی و خۆڕاگری.