وەزیری دەرەوەی ئێران: سەبارەت بە ئامادەبوونی ئەمریکا لە دەورووبەری ناوچە، نیگەران و هەستیارین
وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئامادەبوونی هێزە ئەمریکییەکان و پلانی TRIPP، وتی: سەبارەت بە هەرچەشنە ئامادەبوونێکی ئەمریکا لە ناوچەی دەورووبەرمان، نیگەران و هەستیارین.
سەید عەبباس عێراقچی وەزیری دەرەوە لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئامادەبوونی هێزە ئەمریکییەکان و گەڵاڵەی TRIPP( کۆریدۆری گواستنەوەو ترانزیتی ترەمپ بۆ ئاشتی و ئاسوودەیی جیهانی لە ئەرمەنستان) وتی: سەبارەت بە هەرچەشنە ئامادەبوونی ئەمریکا لە ناوچەی دەورووبەرمان، نیگەران و هەستیارین، بەڵام لەبارەی ئەو پرسەوە راستەوخۆ لەگەڵ دۆستانی ئەرمەنیمان لەپەیوەندی داین و دەزانین کە هێچ کردەیەک دژی ئاسایشی ئێران ئەنجام نادەن.
عێراقچی وتیشی: ئێمە ڕاوێژکارییەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی ئەرمەنستان بەردەوام دەکەین. ئارارات میرزۆیان دۆست و برادەری باشم سەردانی تارانی کردو ڕاوێژکاریی باشمان پێکەوە ئەنجام دا.
ئەمیری سەرتیپ ئەکڕەمی نیا وتەبێژی ئەرتەشی ئێرانیش بەئاماژە بەوەی کە ئەمریکییەکان بە زیاتر لە ٥٠٠ کیلۆمەتر مەودا لە کەنارئاوەکانی ئێران، ناوێرن لە گەرووی هورمز نزیک ببنەوە، وتی: بە جێبەجێکردنی پرۆژە ئۆپەراسیۆنییەکان کە بەدەستمانەوەیە، ئەمریکییەکان لە چەند رۆژی داهاتوودا دەکشێنەوە ناوچە دوورترەکان.
وتەبێژی ئەرتەشی ئێران وێڕای ئاماژە بە بەهێزکرانی توانای بەرگریی ئاسمانیی ئێران لەبەراوەرد لەگەڵ دوو شەڕی سەپێندراوی ڕابردوو، وتی: هێزە چەکدارەکانی ئێران، لەچاو شەڕی سەپێندراوی دووەم و سێیەم، توانای بەرگرییان زیاتر بووە. لە مەشق و مانۆڕە هاوبەشەکانی نێوان ئەرتەش و هێزی هەوا-فەزای سپا، کەرەستەو جیهازاتی بەرگریی و تاکتیکی بەرەنگاربوونەوەی نوێ، تاقی کراونەتەوە.
وتەبێژی ئەرتەش هەروەها خاوەن کەشتییە تیجارییەکانی ڕاسپارد، بۆ پەڕینەوە لەگەرووی هورمز دەبێ لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران هاواهەنگ بن و مۆڵەت لە دەزگەی بەڕێوەبەرایەتی ڕێگای ئاویی کەنداوی فارس وەربگرن.
ئەمیری سەرتیپ ئەکرەمی نیا، دەستێوەردان و بوونی ئەمریکای، بە هۆکاری نائەمنی لە گەرووی هورمز و زیانگەیاندن بە ئابووری جیهانی وەسف کرد و تاکە ڕێگەی گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ گەرووەکەی گەڕاندەوە بۆ دەرکردنی ئەمریکا. ئەمیر سەرتیپ ئەکرەمی نیا هەروەها لە پەیجەکەی لە سۆشیال میدیادا نووسیوی: ئەگەر ئەمریکا ناوچەکە بەجێبهێڵێت، گەرووی هورمز دەکرێتەوە و ئاسایشی بەکۆمەڵ بە هاوبەشیی وڵاتانی ناوچەکە دابین دەبێ، ئابووری جیهانیش باشتر دەبێت؛ ئەگەریش نەڕوا، ئێمە دەری دەکەین.