چاندنی سەرکەوتووانەی یەکەم دڵی تەواو دەستکرد
لە پێشکەوتنێکی گەورەدا لە بواری پزیشکی، توێژەران سەرکەوتوو بوون لە چاندنی یەکەمین دڵی تەواو دەستکرد لە جەستەی مرۆڤدا.
ئەم دڵە دەستکردە کە لەلایەن کۆمپانیای تەکنەلۆژیای BiVACOR درووست کراوە، تەکنەلۆژیای موگناتیسی بەکاردەهێنێ و دەتوانێ وەک بژاردەیەکی ئومێدبەخش کار بکات بۆ ئەو نەخۆشانەی کە تووشی سستبوونی نالەباری دڵ بوون.
ناوەندی دڵی تێگزاس ڕایگەیاندووە کە ئەم دڵە دەستکردە لە پۆمپە خوێنێکی دوو بەشیی تیتانیۆم پێکهاتووە کە ئیمپێلەری موگناتیسی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کارا خوێن پۆمپاژ بکات. ئەم تەکنەلۆژیایە هاوشێوەی ئەو تەکنەلۆژیایەیە کە لە شەمەندەفەرە خێراکاندا بەکاردەهێنرێت و بەهۆی کەمبوونەوەی خۆلێدان و سوان ماوەیەکی زیاتر ئیش دەکات بۆ نەخۆش.
دەنیەڵ تەیمز، دامەزرێنەری کۆمپانیای BiVACOR، ئەم دەستکەوتەی بە هەنگاوێکی سەرەکی زانی بەرەو دابینکردنی بژاردەیەکی نوێی چارەسەری بۆ ئەو نەخۆشانەی کە چاوەڕێی چاندنی دڵن. مەبەست لە دروستکردنی ئەم ئامێرە ئەوە نییە بەتەواوی جێگەی دڵ بگرێتەوە، بەڵکو تەنیا بۆ ئەو کاتەیە کە نەخۆشەکە چاوەڕێی ئەوەیە نەشتەرگەریی چاندنی دڵی ڕاستینەی بۆ بکرێ.