شوبات 25, 2025 15:27 Asia/Tehran
  • لۆکە یان

لە کۆندایە بە لۆکە "کچی خۆر" دەوترێت، لەبەر ئەوەی کە ئەگەر لە ژێر تیشکی خۆرێکی بەهێزدا نەبێت شین نابێت و گەشە ناکات.

هەرچەندە گەرمای ڕۆژ بەهێزتر بێت ئەو هێندەش لۆکە زیاتر سپی دەبێتەوە. لەبەر ئەم هۆکارە زۆرترین ڕێژەی لۆکە لە ناوچە ئیستیوائیەکان واتە لە گەرمترین ناوچەی جیهان یان نزیک لێیەوە دەچێنرێت. مەودای ئەو هێڵەی لۆکەی تێدا دەچێنرێت دەکەوێتە نێوان هێڵی پانی ٣٧ی باکور و ٣٧ی باشوورەوە. بوونی تیشک و گەرما و باران دەبێتە هۆی ئەوەی کە لۆکە زۆر بە جوانی و ساغی شین ببێت.

ڕووەکی لۆکە لە قۆناغی سەرەتاییەکاندا پێویستییەکی زۆری بە ئاو هەیە؛ بەڵام دوای ئەوەی قۆزاخەکەی دەکرێتەوە و گوڵە سپییەکەی دەردەچێت کەمترین ڕێژەی سێی بەسە بۆ فەوتاندنی دەزووەکانی. لۆکە زۆرترین بەکارهێنانی لە پیشەسازی جل و بەرگدایە کە ئیش و کار بۆ ملیۆنەها کەس لە جیهاندا دەستەبەر دەکات.دەزووەکانی لۆکە تەنیا دەزوویەکە کە پێویستی بە نەرم کردنەوە یان هەر چارەسەرێکی تری پڕخەرج نییە.

تەنها پێویستی بەوە پێش بەکارهێنانی ناوکەکەی دەربکرێت. لە جیهاندا بیست جۆر ڕووەکی لۆکە هەیە کە تەنها چوار جۆری کشت دەکرێت. لە دوای یەکێتی سۆڤێتی پێشوو چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە پلەی دووەم و سێیەم دێن لە بەرهەم هێنانی لۆکەدا.

جگە لەم وڵاتانە لۆکە بە ڕێژەیەکی زۆر لە هند و پیرۆ و بەرازیل و میسر و پاکستان و ناوچە ئیستیوائی و نیمچە ئیستیوائیەکانی جیهاندا کشت دەکرێت. درێژی ڕووەکی لۆکە لە نێوان یەک مەتر و دوو مەتردایە. ڕیشکەکەی دریژە و گەڵاکانی پان و قاژقاژن و گوڵەکانی سپین و بۆ تەنیا یەک ڕۆژ دەژێت. کاێک گوڵەکەی دەمرێت، بەرەکەی دەگیرسێت. بەڵام تورەکەی لۆکەکە پێویستی بە نزیکەی دوو مانگێک هەیە بۆ ئەوەی بگیرسێت و ببێتە قۆزاخە. کە ڕەنگێکی سەوزی هەیە  و درێژی چێوەکەی نزیکەی پێنج سانتیمەترە. لە ناو تورەکەکەدا تۆوی زۆر و وەرزی لۆکە هەیە. کە درێژی هەر دەزوویەکی نزیکەی سێ سانتیمەترە و ٩٠٪ـی ماددەکەی سلیلۆزە.

لۆکە لە کارگەکانی چنین و جل و بەرگ و مافور و چەرچەف و کاری پزیشکیدا بەکار دەهێنرێت، هەروەها لە بەرگ تێگرتنی کتێبیشدا، لە ناوکەی لۆکە ڕۆن دەردەهێنرێت و لە پیشەسازی سابونیشدا قازانجی زۆر بە مرۆڤ دەگەیەنێت. دوای دەرهێنانی ڕۆن لە ناوکەی لۆکە، ناوکەکەی وەکو ئالیک بۆ ئاژەڵان بەکر دەهێنرێت.

سەرپەیڤ