May 01, 2025 10:13 Asia/Tehran
  •  لاتێ؛ خواردنەوەیەکی قاوەی بە ڕەچەڵەک ئیتاڵی

کافێ لاتێ یان بە سادەیی "لاتێ" خواردنەوەیەکی قاوەیە کە بە ڕەچەڵەک ئیتاڵییە، بە ئێسپرێسۆ، شیری هەڵمکراو و کۆتایی بە کەفێکی شیر کە بە هونەری لاتێ ناسراوە، ئامادە دەکرێت.

 

مێژووی لاتێ

وشەی لاتێ (Latte) لە زمانی ئیتاڵیدا بە واتای (شیر) دێت. هەرچەندە ئەوروپییەکان لانیکەم لە سەدەی حەڤدەهەمەوە قاوە و شیریان تێکەڵ کردووە، بەڵام زاراوەی “caffe latte” بۆ یەکەمجار لەلایەن ویلیام دین هاوێڵز لە وتارەکەیدا بە ناوی "گەشتە ئیتاڵییەکان" لە ساڵی ١٨٦٧دا بەکار هاتووە. دیاربوو زاراوەی "caffè latte" لەلایەن گەشتیارانی ئەمریکی لە ئیتاڵیا بەناوبانگ بووبێت. هەر لە ئیتاڵیا بوو بناغەی لاتێ دانرا، کاتێک کاپۆچینۆ وەک بنەمای لاتێ کاری دەکرد. لە کاپۆچینۆیەکی ئاساییدا شیری گەرمی کەفاوی لەگەڵ ئێسپرێسۆی بەهێز تێکەڵ دەکرێت بۆ درووستکردنی خواردنەوەیەکی هاوسەنگ و تامدار. بەڵام ئەمریکییەکان تامێکی سووکتریان پێ باش بوو، ئەمەش بووە هۆی زیادکردنی شیر هاوشێوەی کافێ لاتێ. لە کاتێکدا سەرچاوەی لاتێ دەگەڕێتەوە بۆ ئیتاڵیا، بەڵام ئەوە شاری سیاتڵ لە واشنتۆن بوو کە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە بەناوبانگکردنی کولتوری لاتێ لە ئەمریکا. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا خواست لەسەر لاتێ بەرزبووەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوامە لە گەشەکردن. قاوەخانە و زنجیرە قاوەکان لە سەرانسەری ئەمریکا دەستیان کرد بە پێشکەشکردنی لاتێ. لەم سەردەمەدا لاتێ بووەتە شتێکی سەرەکی لە کلتوری قاوە لە تەواوی دنیا.

 

جیاوزی نێوان لاتێ و کاپوچینۆ

لە کاتێکدا لاتێ و کاپوچینۆ بە هەمان پێکهاتە درووست دەکرێن، جیاوازییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە چەند لە شیر و ئێسپرێسۆ بەکار دەهێنرێت. لاتێ شیری زیاتری تێدایە لە ئێسپرێسۆ و پاشانیش جینێکی تەنک لە کەفی شیر، لە کاتێکدا کاپوچینۆ بە بەشی یەکسان لە ئێسپرێسۆ و شیری هەڵمکراو و کەفی شیر درووست دەکرێت.

 

پێکهاتە سەرەکییەکانی لاتێ

١ - ئێسپرێسۆ کە پێکدێت لە:

  •     ١٨ گم قاوەی تۆخی برژاو
  •     ٨٠ ملل ئاو

٢ - شیری هەڵمکراو کە پێکدێت لە

  •     ٨٠ ملل شیری گیراوە

 

شێوازی ئامادەکردنی لاتێ

  •     هەنگاوی یەکەم: ئیسپرێسۆکە بکوڵێنە، دوو شۆت ئیسپرێسۆ (نزیکەی ٥٨ ملل) بە بەکارهێنانی ئامێری ئیسپرێسۆ بکوڵێنە. بیڕێژە ناو کوپێک.
  •     هەنگاوی دووەم: شیرەکە بە هەڵم بکە، نیو کوپ شیرە لە پلەی گەرمی نزیک ٦٦ پلەی سەدی بە هەڵم بکە. بە دانانی مەنجەڵێکی بچووک شیرەکە گەرم بکە لەسەر گەرمییەکی کەم و زۆر تێکی بدە. شیرەکە بگوازەرەوە بۆ ناو کوپێکی شووشە و چەند جارێک لە کوپەکە بدە بۆ ئەوەی هەر بڵقێکی گەورە هەبێت بشکێت.
  •     هەنگاوی سێیەم: شیرەکە بڕێژە ناو کوپەکە، شیرە هەڵمکراوەکە بڕێژە بەسەر ئیسپرێسۆکەدا و کەوچکێک بەکار بهێنە بۆ ڕاگرتنی کەفەکە.
  •     هەنگاوی چوارەم: کۆتایی پێهێنان بە کەف، لەسەرەوەی خواردنەوەکە، ئەو کەفەی مایەوە دەتوانیت بۆ درووستکردنی هونەری لاتێ بەکاری بهێنیت.

 

هونەری لاتێ

هونەری لاتێ شێوازێکە بۆ ئامادەکردنی قاوە کە بە ڕشتنی کەفی شیر بۆ ناو ئێسپرێسۆ درووست دەکرێت و لە ئەنجامدا نەخشێک یان هونەرێک لەسەر ڕووی خواردنەوەکە درووست دەبێت. هەروەها دەتوانرێت بە سادەیی  لەڕێی "کێشان" لە چینی سەرەوەی کەفەکەدا درووست بکرێت. ئەم زاراوەیە خواردنەوەکانی تریش دەگرێتەوە کە ئێسپرێسۆ و کەفی شیریان تێدایە، وەک کاپۆچینۆ.

 

 

سەرپەیڤ