مەندڵ و ڕووەکی پۆڵکەی باخچە
مەندڵ تێبینی حەوت سیفەتی کرد کە ڕووەکی پۆڵکە هەیەتی. وەک ڕەنگی گوڵ، بۆ نموونە سیفەتێکە توانای بۆ مانەوەی هەیە. وە هەر سیفەتێک کە مەندڵ هەڵیبژاردووە دوو ڕوخساری هاودژییان هەیە، ڕووخساریش شێوەیەکی گۆڕاوە لە شێوەکانی سیفەت بە بۆهێل دیاریکراوە.
بۆ نموونە ڕەنگی ئەرخەوانی ڕووخسارێکی ڕەنگی گوڵە. ئەو سیفەتانەی مەندڵ لێکۆڵینەوەی لەسەر کردوون بریتین لە درێژی ڕووەکەکان هەردوو (ڕوخساری: درێژ یان کورت) شوێنی گوڵ لەسەر قەد (هەردوو ڕووخساری: تەوەرەیی یان لوتکەیی)، وە ڕەنگی کەلووی پۆلکە هەردوو (ڕوخساری: سەوز یان زەرد) و شێوەی کەلوو (هەردوو ڕووخساری: هەڵئاوساو یان کەمەریەکهاتوو) ، و ڕووی تۆو (هەردوو ڕوخساری: لووس یان چرچ) و ڕەنگی تۆو (هەردوو ڕوخساری: ئەرخەوانی یان سپی). مەندڵ زانینی خۆی لە ئامارزانیدا، بۆ شیکردنەوەی سەرنجەکانی بۆ ئەو حەوت سیفەتە بەکارهێناوە.
مەندڵ تۆوی ڕووەکەکانی پۆڵکەی کۆ کردەوە، وە بە وردی ڕووەکەکان و تۆوەکانی تۆمار کرد. لە وەرزی داهاتوودا تۆوەکانی چاندەوە، تێبینی کرد کە زۆرینەی تۆوەکان، کە لە ڕووەکە گوڵ ئەرخەوانییەکان کۆ کراونەتەوە گوڵ ئەرخەوانی بوون؛ بەڵام هەندێک لە تۆوەکان ڕووەکی گوڵ سپییان پەیدا کرد، بەڵام کاتێک تاقیکردنەوەی لەسەر سیفەتی درێژی قەدی ڕووەک ئەنجام دا، تێبینی کرد کە ڕووەکە قەد درێژە پەیدابووەکان، لە زۆرینەی ئەو تۆوانەوە پەیدا بوون کە لە ڕووەکە قەد درێژەکانەوە کۆ کرابوونەوە. بەڵام لە هەندێک لە تۆوەکاندا ڕووەکی قەد کورت پەیدا بوون. مەندڵ ویستی لێکدانەوە بۆ ئەم ئەنجامانە بدۆزێتەوە.
ڕێگەکانی مەندڵ بۆ پەڕینی ڕووەکی پۆڵکە
مەندڵ توانی سەرنجی چۆنیەتی گواستنەوەی ڕووخسارەکان لە وەچەیەکەوە بۆ وەچەی داهاتوو بدات. بە دەستبەسەراگرتنێکی ورد لە چۆنیەتی ڕوودانی پەڕین لە ڕووەکی پۆلکەدا. پەڕینیش کاتێک ڕوودەدات کە دەنکە هەڵاڵە لە زۆربوونە بەشەکانی نێرەی گوڵ پەیدا دەبن؛ واتە لە پۆرگ بەرهەم دێـت و دەگوازرێتەوە بۆ کۆسپ کە بەشە زۆربوونەکانی مێیەیە.
پەڕینی خۆیی کاتێک ڕوودەدات کە دەنکە هەڵاڵە لە پۆڕگی گوڵێکەوە بۆ کۆسپی هەمان گوڵ یان بۆ کۆسپی گوڵێکی دیکەی هەمان ڕووەک. بەڵام تێکەڵە پەڕین لە نێوان گوڵەکانی دوو ڕووەکی جیادا دەبێت.
ڕووەکەکانی پۆلکەش ئاسایی لە ڕێی پەڕینی خۆییەوە زۆر دەبن، دەتوانرێت ڕێگە لە پەڕینی خۆیی بگیرێت بە لابردنی پۆرگی گوڵەکانی ڕووەکێکی دیاریکراو. دوای ئەوە دەتوانرێت کرداری تێکەڵە پەڕین ئەنجام بدرێت بە دەستکرد، لە ڕێگەی گواستنەوەی دەنکە هەڵاڵە لە گوڵی ڕووەکێکی دیکەوە بۆ کۆسپی ئەو گوڵەی کە پۆرگەکانی لابراوە، بەڕێگە نەدانی ڕوودانی پەڕینی خۆیی و بەجێهێنانی تێکەڵە پەڕینی دەستکرد، مەندڵ توانی ڕووەکە باوانە ڕووخسار دیاریکراوەکان هەڵبژێرێت، وە سەرنجیدا کە ئەم ڕووخسارانە لە نەوەکانیاندا دەرکەوتنەوە.