ته‌مووز 09, 2025 10:00 Asia/Tehran
  • DNA چییە و شێوە جیاوازەکانی چین؟

DNA چییە؟ ناوکەترشی ڕایبۆزی کەم ئۆکسجین: ماددەیەکی کیمیایی ئەندامییە، پێک هاتووە لە ڕێنمایی و زانیاری بۆماوەیی بۆ درووستکردنی پڕۆتین.

 

DNA لە زۆربەی خانەکانی هەموو زیندووەکاندا دەبینرێت و بەشێکی گرنگی زۆربوون و دووهێندبوونی زیندەوەرانە، چونکە بەهۆی DNAیەوە زانیارییەکان و سیفەتە بۆماوەییەکان لە باوانەوە دەگوێزرێتەوە بۆ وەچەکانیان. بۆیە ئامانجی سەرەکی DNA گواستنەوەی زانیارییەکانە لە باوانەوە بۆ نەوەکانی داهاتووی. DNA لە دوو تاڵی بەستراو پێکەوە پێک هاتووە کە بە دەوری یەکتردا دەسوڕێنەوە و شێوەی لە پلیکانەیەکی پێچاوپێچ دەچێت کە بە دوو هێلیکس ناسراوە. لە هەموو خانەی ناوک سەرەتایی و ناوک ڕاستەقینەکاندا DNA بوونی هەیە.

 

شێوەکانی DNA

شێوەی DNA لەلایەن ڕۆزالیند فرانکلینەوە توێژینەوەی لەسەر کراوە و دواتر لەلایەن  واتسۆن و کریکەوە توێژینەوەکان و زانیارییەکانی براون و بەتەواوی شێوەی DNA سەلمێندراوە و خەڵاتی نۆبڵیان لەسەری وەرگرتووە. بەشێوەیەکی گشتی DNA بۆ شەش جۆری سەرەکی پۆلێن دەکرێت:

    A-DNA

    B-DNA

    C-DNA

    D-DNA

    E-DNA

    Z-DNA

 

باوترین جۆرەکانی A,B و Z-DNAین کە لێرەدا باسیان دەکەین

١- DNA ئاسای لەناو خانەی زیندەوەراندا فۆڕمی Bی هەیە کە باوترین فۆرمە لە pHی هاوکێش و چڕیی خوێی فیزیۆلۆژیدا؛ بە جێگیرترین جۆری DNA دادەنرێت، پێکهاتەیەکی دوو هێلیکسی هەیە و شێوە سووڕانەکەی بە دەستی ڕاستداییە، واتە دوو زنجیرەی پۆلینۆکلیۆتاید بە شێوەیەکی هێلیکس بە دەوری یەکتردا هەیە و نیوکلۆتایدەکانی بەشێوەی پەیژەیەک لەسەر یەک وەستاون بەهۆی بۆند و پێکهاتەکانی ناو DNAیەوە، تیرەی هێلیکسەکان ٢ نانۆمەترە.

٢- A-DNA پێکهاتەی دوو هێلیکسی هەیە و شێوەی سووڕانەکەی بەدەستی ڕاستدایە، کورتترە لە فۆڕمی Bی DNA، بەڵام تیرەی هێلیکسەکانی 2.3 نانۆمەترە کە زیاترە لە شێوەی B، واتە شێوەیەکی پانتر و درێژییەکی کەمتری هەیە لە شێوە ئاساییەکە.

٣- Z-DNA ئەم جۆرەش بەهەمان شێوەی فۆرمەکانی دیکە دوو هێلیکسە بەڵام شێوازی سووڕانەکەی بە دەستە چەپداییە، هەروەها بە شێوە زیگزاگەکەی DNA ناسراوە، تیرەکەی 1.8 نانۆمەترە، شێوەکەی باریکتر و درێژیەکەی کەمێک زیاترە لە B-DNA. 

 

ئەم شێوە جیاوازانەی DNA بۆچی درووست دەبێت؟

ئەم شێوە جیاوازانەی DNA بەهۆی بارودۆخی ژینگەی خانەکە یاخود گیراوەی ئامادەکراوی ناو تاقیگەوە درووست دەبێت؛ چونکە بڕی ماددەی تواوە و خوێیەکانی ناوەوەی خانەکە یاخود گیراوەکە جیاوازن لە خانەی ئاسایی.

 

 

سەرپەیڤ