تشرینی دووه‌م 02, 2025 17:51 Asia/Tehran
  • شێدارکردنی پێست بە شێوەیەکی سرووشتی - بەشی یەکەم

شێدارکردنی پێست بە شێوەیەکی سرووشتی (بە عەرەبی: ترطيب بشرتك بشكل طبيعي، بە ئینگلیزی: Moisturizing your skin naturally)، هەمووان پێویستمان بە شیدارکەرەوەیەکی گونجاو هەیە بۆ پارێزگاریکردن لە پێستمان چونکە پێستت کاتێک وشک دەبێتەوە دەتوانێت مات و پیر دەربکەوێت، بۆیە زۆر گرنگە پێستت بە شێدار و تەندرووست بمێنێتەوە، خۆشبەختانە چەندین ڕێگە هەیە بۆ شێدارکردنی پێستت.

ئەو کەسانەی پێستیان وشکە تەنها ئەو کەسانە نین کە تووشی وشکبوونەوە دەبن و پێویستیان بە شێدارکەرەوە هەیە بەڵکو ئەو کەسانەش کە پێستیان ئاسایی و تێکەڵە و چەورە پێویستیان بە شێدارکردنەوە هەیە. شێدارکەرەوە پێویستە بۆ جوانی پێست لە هەموو وەرزێکدا، هەروەها بەکارهێنانی شێدارکەرەوە بە شێوەیەکی ڕۆژانە دەتوانێت بریقەیەکی تەندرووست بە پێستت بدات و شێدارییەکی قووڵ پێشکەش بە پێستت بکات. هەروەها گۆڕانی وەرزی و گۆڕانی کەش و هەوا و تیشکی سەروو بنەوشەیی لە خۆرەوە زیان بە پێست دەگەیەنێت و لەڕادەبەدەر پێست وشک دەکاتەوە ئەم وشکبوونەوەیە دەبێتە هۆی هەڵدانی پێست و خوران و درووستبوونی چرچی و کێشەی جۆراوجۆری تری پێست.


چۆنیەتی شێدارکردنی پێست بە شێوەیەکی سرووشتی لە ماڵەوە

یەکەم/ شێدارکردنی پێست بە زەیت
زەیتی گوێزی هیندی، زەیتی منداڵ، زەیتی زەیتوون، زەیتی جۆجۆبا، زەیتی کانزایی، زەیتی کونجی یان زەیتی ئەرگان ئەمانە کۆمەڵێک زەیتی بەسوودن بۆ پێست لەزۆربەی ماڵیشدا بەردەستە و دەتوانیت بەکاریبهێنیت وەک شێدارکەرەوە، بە دوو هەنگاو دەبێت:
١- زەیتەکە بدە لە پێستت و بۆ ماوەی یەک دوو خولەک مەساجی پێبکە، بە مەساجکردن زەیتەکە بە خێرایی دەچێتە ناو پێستەوە و جلەکانت پەڵە ناکات.
٢- دەتوانیت شەوێک بەجێی بهێڵیت بە پێستتەوە و بەیانی زوو دوش بکەیت، یان دوای دوش کردن بەکاری بهێنیت. هەروەها دەتوانیت ماسکی دەموچاو درووست بکەیت بە تێکەڵکردنی یەکێک لەم زەیتانە، هەنگوین و چای سەوز یان چای بابۆنی بۆ شێدارکردنی پێست.

دووەم/ شێدارکردنی پێست بە هەنگوین
مەساجکردن بە هەنگوین بۆ پێستت سوودێکی زۆری دەبێت و دەتوانیت وەک شێدارکەرەوەش بەکاریبهێنیت، ماساجکردنیش بە هەنگوین بەم ڕێگایانە دەبێت:
١- چینێکی هەنگوین بدە لەو شوێنەی کە دەتەوێت مەساجی بۆ بکەیت، بۆ نموونە دەموچاوت یان قۆڵەکانت.
٢- هەنگوینەکە بۆ ماوەی ١٥-٢٠ خولەک لەسەری بهێڵەرەوە.
٣- بە ئاوی شلەتێن بیشۆ و بە خاولی تایبەتی خۆت وشکی بکەرەوە.

هەنگوین یەکێکە لە باشترین شێدارکەرەوە سرووشتیەکان بۆ پێست، دەچێتە ناو چینە قووڵەکانی پێستەوە بۆ شێدارکردنی پێست هەروەها یارمەتیدەرە لە پاککردنەوەی کونیلەکانی پێستت و گەڕاندنەوەی پێستی مات بۆ درەوشانەوەی سرووشتی خۆی بە دژە ئۆکسێنەرەکانی. هەروەها دەتوانیت هەنگوین لەگەڵ دۆشاوی جۆ و گلیسیرین تێکەڵ بکەیت بۆ ئەوەی سکرابێکی شێدارکەرەوە بۆ پێستی وشک درووست بکەیت.

سەرپەیڤ