حوزه‌یران 04, 2018 14:52 Asia/Tehran
  • داخوازیی ئەردوغان لە کوردەکانی تورکیا

سەرۆک کۆماری تورکیا داوای لە شارومەندانی کوردی وڵاتەکەی کرد کە لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی داھاتوودا دەنگی بدەنێ.

بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرانسە لە دیاربەکرەوە، ڕەجەب تەیب ئەردوغان ڕۆژی یەکشەممە لە دڕێژەی ململانێی ھەڵبژاردن دا لە دیاربەکرو لەنێو ئاپۆڕەی شارومەندانی کورددا وتی: پارتەکەی واتە پارتی دادوگەشە زیاترین ڕۆڵی لە ئاوەدان کردنەوەو دابین کردنی ئاسایشتی ناوچەی دیاربەکردا ھەبووە.

سەرۆک کۆماری تورکیا ھێوریی ئێستای دیاربەکری لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بە  دەگمەن زانی و پێی داگرت: لەماوەی ئەم ساڵانەدا قەت دەوڵەت ھێندە لەخەڵک نزیک نەبووە.

سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، راشیگەیاند " لە سەردەمی حوکمڕانیی ئاک پارتیدا کێشەی کوردیان چارەسەر کردووە و لە ساڵی ٢٠١٨دا لە تورکیا ئیتر کێشەیەک نییە بە ناوی کێشەی کورد.تاکە کێشەی بەردەیان، کێشەی تیرۆرە کە بەم زووانە چارەسەری ئەوەش دەکەن".

ئەردۆغان وتووشیەتی:لە یەک بستی ٧٨٠ ھەزار کیلۆمەتریی خاکی وڵات، مافی ژیان بە کۆمەڵەی بکوژانی دەست بە خوێن نادەین کە دیارە مەبەستی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیایە".

ئەو لێدوانەی ئەردوغان لە ھەل و مەرجێکدایە کە شەڕی پەکەکە لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا دژی سوپای ئەو وڵاتە بەردەوامەو سەلاحەدین دەمیرتاش سەرۆکی پێشووی هەدەپە لەگەڵ ١٢ پەرلەمانتاری دیکەی ئەو حیزبەو بەدەیان هەزار چالاکوانی کورد لە کونجی زینداندان.

جیا لەمە سوپای تورکیا ھەتا ئێستا دوو ئۆپراسیۆنی سەربازیی لە باکووری سووریادا بە ناوی خۆی وتەنی چڵەزەیتون لە بیستی ژانویەی ٢٠١٨ و قەڵغانی فۆرات بۆ سەرکوت کردنی پارتە کوردییەکان وەڕێ خستووە.

بڕیار وایە ھەڵبژاردنی بەروەختەی پەرلەمانی و سەرۆک کۆمارەتیی تورکیا زووتر لە کات و لە ڕۆژی ٢٤ی ژوئەنی ٢٠١٨ دا بەڕێوە بچێت.

سەرپەیڤ