ڕەخنەی توندی ئەردوغان لە پارتی کۆماریخوازی گەل
سەرۆک کۆماری تورکیا لە پارتی کۆماریخوازی گەل، واتە گەورەترین پارتی نەیار لە پەرلەمانی ئەم وڵاتەو «کەمال قلیچدار ئوغڵو»ی سەرۆکی پارتەکە بە توندی ڕەخنەی گرت.
بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ڕۆژنامەی «یەنی شەفەق»، «ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی نوێنەرانی پارتی دەستەڵاتداری دادوگەشە، سەبارەت بە بەیاننامەی ژەنراڵە خانەنشینەکانی ھێزی دەریایی تورکیا- کە کاربەدەستانی تورکیا وەک ھەڕەشەی کودەتا لێکی دەدەنەوە- ڕایگەیاند: قلیچدار ئوغڵوش پۆستی وتەبێژی کودەتاچییەکانی دراوەتێ.
دەردوغان وتیشی: ھەموو سوچ و قوژبنێکی ئەو بەیاننامەیە بۆنی کودەتای لێوە ھەست پێ دەکرێت، ڕەوشتی پارتی کۆماریخوازی گەل ھێندە لێک پرژو بڵاوە کە ھەوڵ دەدات لە نێوان ئەم بەیاننامەیەو پرسی ئابووری پەیوەندییەک دامەزرێنێ.
سەرۆک کۆماری تورکیا ھەروەھا وتی: «کەمال قلیچدار ئوغڵو» لە کاتی خەباتی خەڵک دژی کودەتای ١٥ی ژوئیە چووە ماڵەوەو خەباتی خەڵک دژی کودەتاچییەکانی لە تەلەفزیۆن و لە کاتێکدا کە خەریکی قاوەخواردنەوەبوو، چاو لێ کرد، بەڵام وادیارە ھەڵس و کەوتی ئەمجارەی زۆر لە سەری گران دەکەوێت.