قەیرانی لیرەی تورکی بەردەوامە و ئەردۆغان بە تۆمەتباری سەرەکی دەزانرێت
حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا سەرزەنشتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دەکەن بەهۆی دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دراوە بیانییەکان، تۆمەتباری دەکەن بەوەی هۆکاری داڕمانی نرخی لیرەیە بەهۆی سیاسەتی هەڵەی ئابوری و دەستوەردانە بەردەوامەکانی لە بانکی ناوەندیی تورکیا.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە لیرەی تورکی ڕێژەی 19%ی بەهاکەی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لەدەستداوە، لەکاتێکدا ئەردۆگان لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەڵێنی باشترکردنی ژێرخانی ئابوریی وڵاتەکەی و گەشەسەندنی ئابوریی تورکیای دەدا.
لەئێستادا 100 دۆلاری ئەمکریکی بەرامبەر 928 لیرەی تورکییە و ئەوەش نزمترین نرخە لەمێژووی دراوی نیشتمانیی تورکیدا بەرامبەر بە دۆلار تۆماریبکات، پێشبینیی دابەزینی زیاتریشی دەکرێت.
گۆرسەل تەکین ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لەپشکی پارتی گەلی کۆماری – جەهەپە، کە حزبی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەیە ڕایگەیاند، “دوورخستنەوەی بەرپرسانی بانکی ناوەندیی تورکیا لەلایەن ئەردۆغانەوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی لیرەی تورکی و تەنانەت ڕاگرتنی نرخەکەی بە جێگیری نەبوو”.
ئەو پەرلەمانتارەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەڵێت، “چارەسەرکردنی قەیرانی بەهای لیرەی تورکی پێویستی بە ڕێکاری جددی و خێرا هەیە، بەڵام ئەردۆغان دەیەوێت بەهاکەی بۆ سوودی لایەنێکی دیاریکراو بەکاربهێنێت، لەلایەکی دیکەشەوە ویستی هەیە بۆ جێگیربوونی بەهاکەی، ئەمانەش کاریگەرییان لەسەر دارمانی نرخی دراوی وڵات کردووە”.