هەدەپە و 5 حزبی چەپ ھاوپەیمانیی "کار و ئازادی"یان پێکهێنا
بە دەستپێشخەریی پارتی دیموکراتی گەلان ژمارەیەک پارت و ڕێکخراوی سیاسیی تورکیا، بۆ هەڵبژاردنى داهاتووی ئەم وڵاتە هاوپەیمانیەتیەکیان راگەیاند .
لەسەر دەستپێشخەری هەدەپە ، شەش پارت و رێکخراوی سیاسیی لە تورکیا کۆبوونەوە و بڕیاریاندا هاوپەیمانیەتیەک بۆ هەڵبژاردنى داهاتووی تورکیا دروست بکەن کە ئەوانیش پێکهاتوون لە ھەدەپە، پارتی ئازادیی کۆمەڵایەتی، پارتی بزووتنەوەی ڕەنجدەران، فیدراسیۆنی ئەنجومەنەکانی سۆسیالیست، پارتی کرێکارانی تورکیا و پارتی ڕەنجدەران.
بە بەشداری ھاوسەرۆکانی ھەدەپە، پەروین بوڵدان و میدحەت سەنجەر سەرۆک و نوێنەرانی ئەو پارت و رێکخراوانە لە قەزای کادکۆی ئیستەنبوڵ کۆبوونەوە و دوابەدوای کۆبوونەوەکەش لە راگەیەندراوێک دا بڵاویانکردەوە، ھاوپەیمانێتییەکیان بەناوی ھاوپەیمانیی "کار و ئازادی" پێکھێناوە.
ئاماژەیان بەوەش کرد، مانگی ئەیلولی داھاتوو کۆبوونەوەیەکی فراوانی جەماوەری رێکدەخەن و نەخشەڕێگایەک بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی تورکیا دەخەنەڕوو.