ئه‌یلوول 12, 2022 07:05 Asia/Tehran
  • ھەدەپە:​​​​​​​سیاسەتی تواندنەوەی زمانی کوردی ڕابگرن

هەدەپە داوای خوێندن بە زمانی کوردی دەکات و بە دروشمی "سیاسەتی تواندنەوەی زمانی کوردی رابگرن" لە چەند شارێکی تورکیا کۆنگرەی رۆژنامەڤانی ئەنجام دەدات.

ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئەیلوولی 2022، وەرزی نوێی خوێندن لە تورکیا دەستپێدەکات. هەدەپە دەیەوێت ئەو رۆژە بقۆزێتەوە و داوای خوێندن بە زمانی کوردی بکات، بۆیە لە شارەکانی ئامەد، وان، مێردین، رووها، ئێلیە، چەولیگ، دێرسم، شارۆچکەی گەڤەر لە جۆلەمێرگ، ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، ئادانا و مێرسین کۆنگرەی رۆژنامەڤانی ئەنجام دەدات.

لەمبارەوە عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاندووە، لە بەرامبەر "سیاسەتی تواندنەوەی زمانی کوردی" کە ماوەی 100 ساڵە لە تورکیا پیادە دەکرێت، داوای پەروەردە بە زمانی کوردی دەکەن.

عومەر ئۆجەلان کە ئەندامی کۆمیسیۆنی زمان و رۆشنبیری و هونەری هەدەپە و ئەندامی دەستەی کارگێڕی ناوەندی هەدەپەشە دەڵێت: "تاوەکوو کوردی زمانی فێرکردن نەبێت، مەترسی نەمانی لەسەرە، تاوەکوو ناسنامەی کورد قبووڵ نەکرێت، زمانەکەیشی قبووڵ ناکرێت."

شایانی باسە لە تورکیا خوێندنی زمانی کوردی، وانەی بژاردەیە و لەسەر داوای دایک و باوکی قوتابی دەخوێندرێت.

سەرپەیڤ